تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی ڕێبەندان چالاکی مەدەنیی کورد ساکار عەینی دوای ساڵێک دەستبەسەربوونی کاتی بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.

ساکار عەینی، دەرچووی لقی بیناسازیی زانکۆی ورمێ، ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٩ لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکان و هاووڵاتییانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە کەرەج دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٧ی تیری ئەم دەزگا ئەمنییە لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ. ناوبراو لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەرداندا دوای ٦ مانگ مانەوە لەو دەستبەسەرگەیە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم چالاکە کوردە لە جۆزەردانی ئەمساڵدا تووشی کۆرۆنا بوو بەڵام بەبێ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی ڕەوانەی بەندی ئەمن کرا.

دۆسیەی ئەم چالاکە مەدەنییە لەگەڵ فەرزاد سامانی و محەممەد هووشەنگیدا بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا هەنێردراوەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد، بەڵام دادوەری دادگا بە درێژایی ئەم ماوەیە بە بیانووی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئامادە نەبووە بیخاتە ناو پرۆسەی یاسایی و دادگاییکردنەوە.