دەمەوبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان زیندانییەک بە ناوی ئیبراهیم جەوهەری لەبەر بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام گیانی لەدەست دا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە کاتژمێر ٢ی دەمەوبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان ئیبراهیم جەوهەری، هاووڵاتیی ٥٥ ساڵەی خەڵکی ئیلام کە لە نزیکەی سێ ساڵ لەمەوپێشەوە بە هۆی دەستکورتی و نەبوونی توانای پێدانی مارەیی لە زیندانی ناوەندیی ئیلام بەند کرابوو، لەبەر تێکچوونی دۆخی تەندروستی لە بەندی سڵامەتەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کراوە. بەڵام سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخەکەی، بەرپرسانی نەخۆشخانە ئامادە نەبوون بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و دوای دوو کاتژمێر گەڕاندوویانەتەوە ناو بەندەکە.

ئەم زیندانییە کە نەخۆشیی چەوریی خوێنی لەگەڵ بووە دوای کاتژمێرێک دیسانەوەدۆخی تێک چووە و لە کاتی گواستنەوەدا بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ئەم زیندانییە ڕەوانەی پزیشکیی دادی شاری ئیلام کراوە و تا ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ڕانەگەیەنراوە.

پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزدا زیندانییەکی تر بە ناوی ڕوحوڵڵا مەلێکی دوای ئەوەی هەوڵی خۆکوشتنی دابوو و لە حاڵێکدا کە مانی لە خواردن گرتبوو، لەبەر بێتەرخەمیی بەرپرسانی زیندان لە ئاست دۆخی تەندروستییدا گیانی لەدەست دابوو.