تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان

دوای ٣ ساڵ دەستبەسەربوون و دەرکردنی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران، بێتاوانیی حسەین کەمانگەر ڕاگەیەنرا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2022/02/16/p11742

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حسەین کەمانگەر دوای ئەوەی حوکمە ١٥ ساڵەکەی لە دیوانی باڵای ئێران هەڵوەشایەوە و دۆسیەکەی لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە سەرلەنوێ لێکۆڵینەوەی بۆ کرا، تۆمەتی «بەغی»ی لەسەر لاچوو. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم چالاکوانە کوردە بۆ ماوەی ٣ ساڵ هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر بوو و بە درێژایی ئەم ماوەیە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا بوو، تاکوو دواجار مانگێک لەمەوپێش بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێک کە ساڵح نیکبەخت، پارێزەری حسەین کەمانگەر، بڵاوی کردۆتەوە و نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان: «زیندانیی کورد حسەین کەمانگەر کە لە سێ ساڵ لەمەوپێشەوە بە تۆمەتی «بەغی» دەستبەسەر کرابوو، بەپێی ١٩ هۆ تۆمەتەکەی لەسەر لاچوو و ئازاد کرا».
ئەم پارێزەرەی دادگا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پارێزوانەکەی پێشتر لەمەیش ٣ جار لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ٢ جار لە دادگای شۆڕشی ئیسلامی و دادگای سەربازی بێتاوانبوونی سەلماوە و جارێکیش لە دادسەرا بڕیاری کۆتاییهاتنی لێکۆڵینەوەی بۆ دەرچووە، سەبارەت بە دواهەم جاری دەستبەسەرکرانی حسەین کەمانگەر و تۆمەتەکەی دەڵێت: «حسەین کەمانگەر زستانی ساڵی ١٣٩٧ سەرەتا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی یەکێتیی نەتەوەیی-لقی کامێراندا، کە بە حیزبێکی دەوڵەتکرد دەزانرێت، دەستگیر کرا و لە کاتی لێپرسینەوەکاندا تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی کۆسار فاتیحی، شۆفیری ئامبوڵانسی مانگی سووری کامێران، هەروەها بەرپرسایەتیی ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)ی ڕووبەڕوو کرایەوە. ئەگەرچی هیچ هۆکارێک بۆ سەلماندنی ئەم تۆمەتانە لە بەردەستدا نەبوو و دەبوو وەک جارەکانی پێشوو ئازاد بکرایەت، بەڵام ١٤، ١٥ کەس لەوانەی لەگەڵ ئەودا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا دەستبەسەر کرابوون لە ئیدارەی ئیتلاعات شایەتییان دابوو کە حسەین کەمانگەر ڕێکخەری شانە نهێنییەکانی پەژاک بووە».

بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، دانپیانانەکانی ئەم کەسانە دژ بە حسەین کەمانگەر، بە وتەی خۆیان لەژێر گوشاردا و بە زۆر وەرگیراوە. ساڵح نیکبەختیش لە ڕاگەیاندنەکەی خۆیدا ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە هەموو ئەم کەسانە لە حاڵێکدا کە لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامییەوە حوکمی یەک تا سێ ساڵیان بۆ بڕابوویەوە، بەڵام سزاکانیان هەڵپەسێردرا و ئازاد کران و دوای ئازادبوون بەکۆمەڵ یان بەتەنیا چوونەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە و هەروەها لە نووسینگەی بەڵگەنامە ڕەسمییەکانی کامێران شایەتینامەیان واژۆ کردووە کە ئەوەی سەبارەت بە حسەین کەمانگەر وتوویانە دوورە لە ڕاستی و لەژێر گوشار و دۆخێکی تایبەتدا و لەسەر بەڵێنی ئازادبوون کردوویانە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٧ و دوای تێپەڕینی چەند ڕۆژێک بەسەر دەستپێکردنی شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی هاووڵاتییان و چالاکانی کوردی ئەندامی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا لە کامێران و سنە، لە ڕاپۆرتێکی شیکارییانەدا و بەپێی لێکۆڵینەوەکانی خۆی ئاماژەی بە هەندێ حاڵەت کردبوو کە ببوونە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی نیگەرانییەکان لە ئاست گۆڕینی ئەم دۆسیەیەدا بۆ سیناریۆیەکی تازەی ئەمنی. ئەم دامەزراوە داکۆکیکارە لە مافەکانی مرۆڤ هەروەها ڕای گەیاندبوو کە ئەگەری ئەشکەنجەدانی دەستبەسەرکراوان و ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی قورسی ئەمنی بە شێوەی جیدی لە ئارادایە.

هەروەها سەبارەت بە تۆمەتی کوشتنی کۆسار فاتیحی، شۆفیری ئامبۆلانسی مانگی سوور کە لە هەمان سەرەتاوە دامودەزگا ئەمنییەکان و تەنانەت جێگری سیاسی، ئەمنی و ئینتیزامیی پارێزگاری کوردستان بەستبوویانەوە بە دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانەوە، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەی کۆسار فاتیحیدا گرت و زانیاریی وەرگرت کە بنەماڵەی فاتیحی ئاگایان لەم دەستبەسەرکردنانە نەبووە و لە ڕاگەیاندنەکانەوە بیستوویانە کە پێوەندیی بە کوشتنی کۆسارەوە هەیە. بنەماڵەی فاتیحی هەروەها وتیان کە سێ مانگ پێش دەستبەسەرکردنی ئەم کەسانە بەرپرسە ئەمنییەکان پێیان ڕاگەیاندوون کە بکوژانی کۆسار بەم دواییانە لە هێرشێکی سپای پاسداراندا لە کامێران کوژراون.
ساڵح نیکبەختیش لە ڕاگەیاندنەکەی خۆیدا سەبارەت بە ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی کوشتنی کۆسار فاتیحی ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە لە پرۆسەی دادگاییکردندا دەر کەوتووە کە بکوژی کۆسار فاتیحی کەسێکی تر بووە کە لە تێکهەڵچوون لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداراندا کوژراوە.
ئەمە لە حاڵێکدا بوو کە وەزارەتی ئیتلاعات وەکوو بەرپرسی دەستبەسەرکردنی حسەین کەمانگەر هەوڵی دەدا ئەم کوشتنە بخاتە پاڵ ئەو و تەنانەت توانیبووی لە دادگای یەکەمدا و بەپێی ئەم ئیدیعا بێبنەمایە حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی بە تۆمەتی بەغی بۆ وەربگرێت. لە ئێستەیشدا و سەرەڕای دەرکردنی حوکمی ئەستۆپاکی و بێتاوانی بۆ حسەین کەمانگەر، دەوترێت وەزارەتی ئیتلاعات بەتەمایە دیسانەوە تانە لە حوکمەکە بدات.
ساڵح نیکبەخت سەبارەت بە چۆنێتی و ڕەوتی دەرکردنی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکران بە تۆمەتی «بەغی» بۆ حسەین کەمانگەر، دەڵێت: «لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە دۆسیەی حسەین کەمانگەری لە تۆمەتبارانی تر جیا کردەوە و ئەوی بە تۆمەتی «ڕێکخستنی شانە نهێنییەکانی پەژاک، بەشداریکردن لە تیرۆری کۆسار فاتیحیی شۆفیری ئامبۆلانسی مانگی سووردا و ڕاپەڕینی چەکدارانە دژ بە حکوومەتی پیرۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران یان بەغی» دادگایی کرد و سەرەڕای بوونی کێشەی جۆربەجۆر و بوونی زەمینەی شەرعی و یاسایی بۆ وەرنەگرتنی شایەتیدانی تۆمەتبارانی دیکە لەسەر تۆمەتبارەکەی تر و نووسراوەکانی دواتری ئەم کەسانە [لەمەڕ بوونی گوشار و ئەشکەنجە لە کاتی دانپیاناندا دژ بە حسەین کەمانگەر] بە پشتبەستن بە هەمان شایەتییەکانی سەرەتا و ڕاپۆرتەکەی دەزگای پێوەندیداری تایبەت [وەزارەتی ئیتلاعات] کە لەسەر بنەمای هەر ئەم شایەتییە ناچارییانە و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی تر ئامادە کرابوو، لە کۆتادانیشتندا تۆمەتەکەی لە «بەغی»ـەوە گۆڕی بۆ «بەغیی ناچەکدارانە» و سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند».

ئەم پارێزەرەی دادگا لە درێژەدا وتوویەتی: «ئەم تۆمەتە بووە مایەی سەرسووڕمانم، چونکوو لە بنەڕەتدا تۆمەتێک لەژێر ناوی «بەغیی ناچەکدارانە»دا بوونی نییە. سەرەڕای ڕاسپاردەی پارێزەری پێشووی دۆسیەکە لەسەر قبووڵکردنی حوکمەکە و تانەنەدان لێی، نەکا لە دیوانی باڵادا سزاکە زیاتر بکرێت! من بەپێی داخوازیی پارێزوانەکەم و ئەرکی یاسایی خۆم تانەم لە حوکمەکە دا و لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران بە وردی دۆسیەکەیان خوێندەوە و لەبەر بێبنەمابوون و جێمتمانەنەبوونی شایەتیی شایەتحاڵەکان و نەبوونی بەڵگەی دیکە، دادنامەکەیان هەڵوەشاندەوە و دۆسیەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە هەناردە بەردەم لقی هاوتەریبی دادگای پێشوو».
لە ئەنجامی هەوڵەکانی ساڵح نیکبەخت و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی حسەین کەمانگەردا و وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارنامەیەک لە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران کە ڕاگەیەنرابوو حسەین کەمانگەر هیچ دەورێکی لە کوشتنی کۆسار فاتیحیدا نەبووە، دواجار دادگای شۆڕشی ئیسلامی گەیشتۆتە ئەو ئەنجامە کە داوای پیاچوونەوەی پارێزەری دۆسیەکە بە حوکمە پێشووەکەدا و بۆچوونی لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران لەمەڕ هەڵوەشاندنەوەی دادنامەکە کە تێیدا سزای ١٥ ساڵ بەندکران دەر کرابوو، ڕاست و دروستن و بەپێی ١٩ هۆ و بەڵگە ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» و بەشداریکردنی حسەین کەمانگەر لە کوشتنی کۆسار فاتیحیدا نادروست و ناڕەوایە.
لە حوکمەکەی دادگادا کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان توانیویەتی نوسخەیەکی ببینێت، بۆ وێنە هاتووە:
ـ تۆمەتبار حسەین کەمانگەر سەرەتا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا دەستگیر دەکرێت و لە درێژەدا تێکەڵی ئەم دۆسیەیە دەبێت.

ـ ئەو کەسانەی دژی ناوبراو قسەیان کردووە خۆیان تۆمەتبارن و ئیدیعای تۆمەتبارێک لەسەر تۆمەتبارێکی تر لەڕووی یاساییەوە پشتی پێ نابەسرێت. جیا لەمەیش وەک چۆن لە بەڵگەنامە زیادکراوەکاندا هاتووە، هەرهەموو دانپێنەران لەڕێی نووسینگەی یاساییەوە لە قسەکانی خۆیان پاشگەز بوونەتەوە و ئیدیعا دەکەن ئەو قسانەیان لەژێر گوشار و لە کاتی دەستبەسەربووندا کردووە.
ـ ​​ڕاپۆرتەکەی سپا کە لە لاپەڕەی ٧١٠ی دۆسیەکەدایە بە ڕوونی ڕای گەیاندووە حسەین کەمانگەر لەم ڕووداوەدا بەشداریی نەبووە. بۆچوونەکەی سپا لەبەر ئەوە گرنگ و و جێسەرنجە کە هەر لە سەرەتاوە خۆی تیرۆریستیبوون و دۆزینەوەی ڕووداوەکەی ڕاگەیاندووە.
ـ تۆمەتبار بە درێژایی هەموو ئەم ماوەیە نکۆڵیی لەوە کردووە پێوەندیی بەو ڕووداوەوە هەبووبێ.
ـ تۆمەتبار پێشتر جارێک تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی لەسەر لاچووە.
ـ ئەم دۆسیەیە لووتکەی جیاوازیی بۆچوونی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتە سەبارەت بە هۆکاری تیرۆرکردنی شەهید فاتیحی.

بەپێی حوکمەکەی دادگا «بە لەبەرچاوگرتنی کۆپیی دۆسیەی باسکراو و ڕاپۆرتە دژبەیەکەکانی دەزگا و ئیدارەی ئیتلاعات، هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی باس کرا و دژایەتیی نێوان بۆچوونی دوو دەزگای ئەمنیی بەشدار لەم بابەتەدا و ئەو گومانانەی لێی کەوتۆتەوە، ئەم دادگایە نەگەیشتۆتە قەناعەتی ویژدانی بۆ سەلماندنی تۆمەتی بەغی لە ئاست تۆمەتبار حسەین کەمانگەردا، هەر بۆیە بە پشتبەستن بە مادەی ٤ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەریی ١٣٩٢ حوکمی ئەستۆپاکی و بێتاوانیی تۆمەتبار دەر دەکات. داواکاری گشتیی بەڕێزی کامێران دەتوانێت لە ماوەی ٢٠ ڕۆژدا لە دیوانی باڵای وڵات تانە لە حوکمەکە بدات و داوای پیاچوونەوەی بۆ بکات».

کاوە کرماشانی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەبارەت بە ڕاگەیاندنی حوکمی ئەستۆپاکی و بێتاوانیی حسەین کەمانگەر دەڵێت: «ئەم حوکمە لە حاڵێکدا دەر دەکرێت کە ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە مەبەستی داننان بە تۆمەتە هەڵبەستراوەکاندا بۆ ماوەی ٣ ساڵ لەژێر قورسترین گوشارەکاندا بوو. ئیدارەی ئیتلاعات دوای دەستبەسەرکردنی حسەین کەمانگەر لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧دا بۆ ماوەی چەندین مانگ خستوویەتە ژوورە تاکەکەسییەکانەوە و مۆڵەتی دیدار و پێوەندیگرتنی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەی پێ نەداوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە پووشپەڕی ١٣٩٧دا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی دۆخی هەڵواسراو و نادیاربوونی چارەنووسی و بێبەشکران لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، بۆ ماوەی سێ حافتە مانی لە خواردن گرت. هەر لەم ماوەیەدا تەنانەت هاوسەر و منداڵەکەیشی واتە نەسرین نەقدی و ناهید کەمانگەر، چەندی جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران و سنەوە بانگهێشت کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا و ناهید کەمانگەریش بۆ ماوەی دوو مانگ دەستبەسەر بوو. ئامانجی ئیدارەی ئیتلاعات گوشارخستنەسەر حسەین کەمانگەر بوو لەڕێی بنەماڵەکەیەوە، بەڵام دواجار نەیانتوانی هیچ ئیقرار و دانپیانانێکی لێ وەربگرن، چونکوو هەر لە بنەڕەتەوە تۆمەتەکە درۆ و بەپێی سیناریۆسازییەکی ئەمنی هەڵبەسترابوو».
ئەم چالاکەی مافی مرۆڤ وێڕای جەختکردن لەسەر ئەوەی کە لەڕووی یاساییەوە سێ ساڵ دەستبەسەرکردنی بێهۆ و بێبنەمای حسەین کەمانگەر لەو دۆخە دژوارەی بەسەریدا سەپابوو و لێکەوتەکانی ئەم زەخت و گوشارانە، دەبێ لە لایەن دامودەزگا پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە قەرەبوو بکرێتەوە، لە درێژەدا زیادی کرد: «ئەستۆپاکی و بێتاوانیی حسەین کەمانگەر کە بە هەوڵدانی یاسایی پارێزەرەکەی و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکەی هاتۆتە بەرهەم، جارێکی تر سەلماندی کە ئەو تۆمەتانەی دەخرێتە پاڵ چالاکانی دەستبەسەرکراو تا چەند بێبنەما و بێبەڵگەیە. دامودەزگا ئەمنییە هاوتەریبەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر کەسەکان دەکەنە قوربانیی سیناریۆسازییە ئەمنییەکانی خۆیان. نموونەی ئەم حاڵەتانە بەتایبەت لە کوردستاندا کە ئەم دامودەزگایانە دەسەڵاتێکی زیاتریشیان هەیە، گەلێ فراوانە. یەک لە حاڵەتەکانی ئەم دواییانە حەیدەر قوربانی بوو کە سەرەڕای بوونی کێشە و کەموکورتیی فراوانی یاسایی لە دۆسیەکەدا و نەبوونی هیچ چەشنە دانپیانانێک، تەنها لەسەر بنەمای ئیدیعاکان و دۆسیەسازیی دامودەزگا ئەمنییەکان لە ڕێکەوتی ٢٨ی سەرماوەزی ئەمساڵدا لە سنە لە سێدارە درا».