تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان ورمێ

لە ورمێ محەممەد هووشەنگی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و گەڕێنرایەوە بۆ ناو بەندی زیندانییانی سیاسی

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2022/03/09/p11862

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە چالاکوانی کورد محەممەد هووشەنگی کە لە ٤ی ڕەشەمەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دەستبەسەربوونی درێژماوە و دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ ئازادبوونیدا سەرەڕای دانانی بارمتە، مانی لە خواردن گرتبوو، دوای ١٣ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە و ڕۆژی ١٦ی ڕەشەمە گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەندی زیندانییانی سیاسی.

ناوبراو لەم ماوەیەدا کێشی دابەزیوە و زەختی خوێنیشی کەوتووە و دەوترێت دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە. ناوبراو سێ ڕۆژ دوای دەستپێکردنی مانگرتنەکەی و لە ڕۆژی  ٧ی ڕەشەمەدا بە دەستووری بەرپرسانی زیندان و نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات لە زیندانی ورمێ، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بە درێژایی ئەم ماوەیە مۆڵەتی پێوەندیی تەلەفۆنی و دیداری بنەماڵەی پێ نەدرابوو.

دەوترێت ناوبراو لەسەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندان و دادوەری چاودێری زیندان بۆ ئازادکردنی بە بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

بە پێچەوانەی ئیدیعای بەرپرسانی زیندانەوە و دوابەدوای مانگرتنەکە، دادگای مەهاباد جارێکی تر ڕێژەی بارمتەکەی لە ٢ میلیاردەوە بەرز کردۆتەوە بۆ ٧ میلیارد و لە ئێستەدا دیار نییە ناوبراو دەبێ بەپێی چ مەرج و بڕیارێک ئازاد بکرێت.

لە ناوەڕاستی مانگی ڕێبەنداندا و دوای تێپەڕینی ١٤ مانگ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بنەماڵەی ئەم چالاکە کوردە کە دانیشتووی گوندێکی شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشانن، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە ئاگادار کرانەوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی منداڵەکەیان گۆڕدراوە بۆ بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی. دوای هاتوچۆکردنی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە لە جوانڕۆوە بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کارە ئیدارییەکانی دانانی بارمتە و لە حاڵێکدا کە چاوەڕێی ئازادبوونی منداڵەکەیان بوون، ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمە دادگای شۆڕشی ئیسلامی پێی ڕاگەیاندوون کە لەبەر دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان ناوبراو ئازاد ناکرێت.

محەممەد هووشەنگی لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٧ی تیری ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو دوای ٦ مانگ مانەوە لەم دەستبەسەرگەیەدا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.