دوابەدوای گواستنەوەی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێ بۆ بەندە تازە سەرووئەمنییەکە، ئەم زیندانییانە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراون. چەند کاتژمێرێک لەمەوپێش نایب عەسکەری، هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد، دۆخی تێک چووە و لە ناو بەندەکە لەسەر خۆ چووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئامادە نەبوون خزمەتگوزاریی پزیشکیی بۆ دابین بکەن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٩ی ڕەشەمە (١٠ی مارس) نایب عەسکەری کە لەم چەند مانگەی ڕابردوودا بە دەست نەخۆشیی گورچیلەوە گیرۆدە بووە، لەبەر گوشارە قورسەکانی مانگرتن و مانەوەی درێژخایەن لە ژوورە تاکەکەسییەکانی دامودەزگا ئەمنییەکاندا، دۆخی تێک چووە و لە ناو بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیدا لەسەر خۆ چووە و هەوڵدانی زیندانییەکان بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی زیندان بێئەنجام بووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر نەدانی مۆڵەتی یاسایی بۆ هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکارییە پێویستەکان، بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو. ناوبراو هەروەها لە سەرماوەزی ئەمساڵدا (دێسەمبەر) لەگەڵ ٤٦ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی دیکەدا لە کردەوەیەکی ناڕەزاییانەدا دژ بە گواستنەوەیان بۆ بەندە تازە سەرووئەمنییەکە بۆ ماوەی حەفتەیەک مانی لە خواردن گرتبوو.

ناوبراو دوای گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و دوای چەند حەفتە گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا (٢٤ی مارسی ٢٠٢١) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە.

دەوترێت ناوبراو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە، ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) بە شێوەی غیابی حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. بەڵام تا ئێستا دۆخی ئەم دۆسیەیە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و لێپرسەوە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لە کاتی ڕاگرتنیدا لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران وتوویانە سەرلەنوێ دادگایی دەکرێتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢١) و دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانییانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.