نایب حاجیزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ورمێ، لەبەر بێبەشکران لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو، لە دۆخێکی ناجێگیری تەندروستیدایە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە زیندانیی سیاسیی کورد نایب حاجیزادە کە لە چەند مانگی ڕابردوودا دوو جار بە مەبەستی نەشتەرگەری ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕێنرابوویەوە بۆ زیندان، لە بەندی زیندانییانی ئاسایی و لە دۆخێکی ناجێگیردایە.
ناوبراو لە جۆزەردان و ڕێبەندانی ئەمساڵدا (ژوەن و فێبرییە) دوو جار نەشتەرگەریی پلاتین و ناوسکی بۆ کراوە.
لەم چەند مانگەی دواییدا داواکری گشتیی ورمێ بۆ هەناردنی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ پشووی کاتیی دەرمانکردن، بارمتەی یەک میلیارد و دووسەد میلیۆن تمەنیی دیاری کردووە بەڵام دادوەری چاودێری زیندان و دادوەری دۆسیەکە بڕەبارمتە دیاریکراوەکەیان ڕەت کردۆتەوە و کردوویانەتە ٤ میلیارد تمەن.
نایب حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.
ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب عەسکەری، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییەکی تاوانە گشتییەکانەوە ڕووی دابوو.