شەوی ڕابردوو فیرووز مووسالوو، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێوە بە کەلەبچە و پێبەندەوە گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی شەممە ٢٨ی جۆزەردان (١٨ی ژوەن) سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ سەردانی بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی کردووە و بە فیرووز مووسالووی ڕاگەیاندووە کە لیژنەیەک لە دەزگای دادوەرییەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی ئەو هاتوونەتە نێو زیندان و داوای لێ کردبوو لەگەڵیدا بڕوات و لەگەڵ ئەو لیژنەیەدا دیدار بکات».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «دوای ئەوەی فیرووز مووسالوو لەگەڵ سەرۆکی زیندان لە بەندەکە چووە دەرەوە، ڕاستەوخۆ ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرا. هێزەکانی زیندان کاتژمێر ٢٣ی شەوی ڕابردوو ناوبراویان بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە تاکەکەسی بردۆتە دەرەوە و گواستوویانەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر گواستنەوەی ناوبراودا بۆ ژووری تاکەکەسی، لە بەردەم زینداندا گرد بوونەتەوە، بەڵام ڕۆژی ڕابردوو و بە گوشاری بەرپرسی بەشی ناوخۆیی زیندان، ئەم زیندانییە سیاسییە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرتووە و داوای لێ کردوون کۆتایی بە گردبوونەوەکەیان بهێنن.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگی ڕەشەمەی ١٤٠٠دا (مارسی ٢٠٢٢) دوای ٣٣ مانگ دەستبەسەربوونی کاتی لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ناوچەی قەتووری شاری خۆیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دوای چەند ساڵ ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ.ک.ک) بە وەرگرتنی ئەماننامە لە سپای پاسداران لە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا (١١ی جولایی ٢٠١٩) خۆی ڕادەستی سپای شاری سەردەشت کردبوو.
لە حاڵێکدا کە پێشتر بەرپرسانی سپا بە بنەماڵەکەییان ڕاگەیاندبوو کە کوڕەکەیان دوای چەند ڕۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکرێت، بەڵام یەکسەر گواستبوویانەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ و خستبوویانە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ١٣٩٨دا (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٠) دوای ٥ مانگ و ٢٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.