ڕۆژی ڕابردوو لە سەردانێكی دادوه‌ری گشتی تاران و تیمێكی ١١٥ کەسی بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانیانی مه‌زهه‌بی لە حسه‌ینیەی ئەم بەندیخانەدا ڕایگەیاند کە “سوننەکان مافی ژیانكردنیان له‌ ئێراندا نییه‌” کە بووە هۆی ناڕەزایەتی ده‌ربڕینی بەرفراوانیی زیندانیانی سوننە له‌م زیندانه‌دا. لانیکەم ٢٢ بەندکراوی مه‌زهه‌بیی لە هۆڵی ١١ی ئەندەرزگەی ٤ وێڕای نووسینی نامەیەکی ناڕەزایه‌تیی بۆ نوێنەری بەندیخانەی ڕەجایی شار لە کەرەج، لە نیوەڕۆی دوێكه‌وه  مانیان لە خواردنی جەماوەری گرتووه‌.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاند: “دوێنێ عەلی ساڵحی، دادوه‌ری گشتی تاران لەگەڵ تیمێکی ١١٥ کەسی، سەردانی بەنده‌ جیاوازه‌كانی بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجیان کرد”. ٣ كه‌س له‌ بەندکراوانی سوننە بە ناوەکانی سەید تەوحید قوڕه‌یشی، یاسین عەباس چووبی و سادق ئەیوبی لەم سه‌ردانه‌ی دادوه‌ری گشتی تاران بۆ زیندانی حسه‌ینیه‌ له‌ لایه‌ن دادوه‌ری گشتی تارانه‌وه‌ سووكایه‌تییان پێ كرا. 

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، عەلی ساڵحی، لە وەڵامی داخوازییە یاساییەکانی ئەم ٣ بەندکراوە مه‌زهه‌بیییه‌دا، ڕایگەیاندووە کە “سوننەکان مافی ژیانیان لە ئێراندا نییە”، ئەمەش ناڕەزایی ئەو بەندکراوانەی لێکەوتەوە. دوای گەڕانەوەی ئەم ٣ زیندانییە بۆ هۆڵی ١١ی نه‌نده‌رزگای ٤ و ئاگادارکردنەوەی زیندانیانی دیکەی مه‌زهه‌بی لەم سووکایەتیی پێ كردنه‌، سەرجەم زیندانیانی مه‌زهه‌بیی ئەم بەندە کە ٢٢ کەسن، مانیان لە خواردن گرت.

لە کۆتاییدا ئەم سەرچاوەیە زیادی کرد: ” هه‌روه‌ها ڕۆژی ڕابردوو بەندکراوانی مه‌زهه‌بیی نامەیەکی ناڕەزایەتیشیان گەیاندۆتە جێگری سەرۆکی بەندیخانەی ڕەجایی شار لە کەرەج و مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاند”.