بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهابادی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە ناوی کاوە سڵێمانپوور دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی ئیجرای ئەحکامی دادگای مەهاباد دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ٦ مانگ بەندکران ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.
ناوبراو ماوەیەک لەمەوپێش لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
کاوە سڵێمانپوور لە ڕێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا (١ی ئاگۆستی ٢٠٢١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا (١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١) دوای ٧٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.