بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) ژنێکی زیندانی بە ناوی ئەعزەم پاکدڵ بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی ژنانی مەشهەد گیانی لەدەست داوە.

ئەم زیندانییە لە دوو ساڵی ڕابردوودا لە نەخۆشیی تۆمۆری مەعیدە ئازاری بینیوە و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکان، کەچی هەر لە هەناردن بۆ نەخۆشخانە و دەستپێکردنی قۆناغەکانی دەرمان بێبەش کرابوو.

ناوبراو ڕۆژی شەممە ١ی گەلاوێژ (٢٣ی جولای) لەبەر خراپبوونی دۆخی تەندروستی لە بەندی ٢وەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کرابوو، بەڵام بە دەستووری بەرپرسانی نەخۆشخانەکە بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی گەڕێنرابوویەوە بۆ ناو بەند.

ئەم زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی گەلاوێژ (٢٤ی جولای) دوای ئەوەی لەسەر خۆ چووبوو جارێکی تر گوازرابوویەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان، بەڵام پێش گەیشتن بە نەخۆشخانەی دەرەوە گیانی لەدەست دا.

ئەعزەم پاکدڵ، ٤٠ ساڵان و خەڵکی مەشهەد، نزیکەی ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرا و حوکمی ٧ ساڵ بەندکرانی بۆ دەرچووبوو.