بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی گەلاوێژ (١٣ی ئاگۆست) زیندانیی سیاسیی کورد بەرزان محەممەدی دوای ١٥ مانگ بەندبوون لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا.
ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە لە ڕێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا (٧ی ژوەنی ٢٠٢١) لە گوندی «گۆشخانی»ی سەوڵاوا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرا و دوای ڕۆژێک ڕەوانەی زیندانی مەریوان کرا.
کۆبوونەوەی دادگای بەرزان محەممەدی دوای چەند مانگ دەستبەسەربوون بە شێوەی ئەلکترۆنی (ئۆنلاین) لە زیندانی مەریوان بەڕێوە چوو. ناوبراو لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» و «سووکایەتیکردن بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکران و ٧ ماگ و ١٦ ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی حوکمەکان) دواحوکمی ناوبراو گۆڕدرا بۆ ١٥ مانگ و ڕۆژێک بەندکران.
بەرزان محەممەدی، هاووڵاتیی ٤١ ساڵەی خەڵکی شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان و دانیشتووی تاران، پێشتر لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٣٩٧دا (٢ی ئاگۆستی ٢٠١٨) لە گردبوونەوەی چوارڕیانی وەلی عەسری تاراندا بۆ ناڕەزایەتی لە دۆخی خراپی ئابووری، لە لایەن هێزە جلوبەرگ مەدەنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی تاران لەژێر لێپرسینەوەدا بوو و دواتر ڕەوانەی زیندانی فەشافوویەی تاران کرا.
ناوبراو لە ڕەزبەری ١٣٩٧دا (ئۆکتۆبری ٢٠١٨) لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی خرایە بەردەم دادگای پیاچوونەوەی تاران و لە ڕێبەندانی هەمان ساڵدا (ژانڤییەی ٢٠١٩) گۆڕدرا بۆ ٣ ساڵ و ٦ مانگ. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای پەسەندکرانی حوکمەکەی لەگەڵ عەلیڕەزا شیرمحەممەدی گوازرانەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە، ئەم دوو زیندانییە سیاسییە لەبەر پێڕەونەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانباران، مانیان لە خواردن گرت. عەلیڕەزا شیرمحەممەدی لە ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٨دا (١٠ی ژوەنی ٢٠١٩) لەم زیندانەدا بە دەستی دوو زیندانیی تر کوژرا و بەرزان محەممەدی وەک شایەتحاڵی کوشتنەکە نامەیەکی سەرئاوەڵای لەسەر ئەم ڕووداوە بڵاو کردەوە.