بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سوعدا خەدیرزادە، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار، دوای نزیکەی ١١ مانگ دەستبەسەربوون لە لایەن لقی سێهەمی دادگای کەیفەریی یەکەوە لە مەهاباد، بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتن»ی خدر پیرۆتی، لە ئەندامانی سپای پاسداران و «یارمەتیدانی تۆمەتبارێک بۆ هەڵاتن» حوکمی ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
دادگای ناوبراو ڕۆژی ٢ی خەرمانان (٢٤ی ئاگۆست) بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوە چوو و حوکمەکە ئەمڕۆ بە بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیەنراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژدا (١٨ی ئاگۆست) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی چارەنووسی نادیاری خۆی و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا، لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.
سوعدا خەدیرزادە لە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ئەمساڵدا (٢٠ی ژوەنی ٢٠٢٢) دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەریی سزارییەن و بەدونیاهێنانی کۆرپەکەی، بەبێ تەواوکردنی قۆناعەکانی دەرمان گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ. هێزەکانی زیندان لە نەخۆشخانەدا دەست و پێی ناوبراویان بە تەختەکەوە بەستبۆوە کە ئەمە ببووە مایەی ناڕەزایی بەڕێوەبەران و پێرسنلی نەخۆشخانەکە.
دەوترێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەی دادگای خانمی خەدیرزادە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بەڕێوە دەچێت.
ئەم هاووڵاتییە لە مانگی گوڵان (مەی)ی ئەمساڵدا بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی نادیاری خۆیدا لە زیندانی ورمێ بۆ ماوەی ١١ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو و لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ ئازادکردنی کاتیی بە دانانی بارمتە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو، بەڵام تا ئێستا دادگای مەهاباد بە هۆکاری نادیار ئامادە نەبووە بە شێوەی کاتی ئازادی بکات.
ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دووگیانبووندا هاوکات نەخۆشیی گورچیلە، دڵ و دیسکی کەمەر (فەقەرات)یشی هەبوو و بە درێژایی ئەم ماوەیە لە چاودێری و خزمەتگوزاریی پسپۆڕانەی پزیشکی بێبەش کراوە.
سوعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕهزبهری ١٤٠٠ (١٤ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ورمێ. ناوبراو دوای ١٢ ڕۆژ لێپرسینەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا و هەنووکە لە بەندی ژنانی ئەم زیندانەدایە.
ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەیی پێشتر بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو کە سوعدا خەدیرزادە لە ساتی دەستبەسەربوونەوە هیچ کات مۆڵەتی دیاریکردنی پارێزەری پێ نەدراوە. دەستبەسەرکردنی ناوبراو پێچەوانەی پێوەرەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانەیە و بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان بە سەرەڕۆیانە لە قەڵەم دەدرێت، چونکوو بەبێ ئاگاداربوون لە هۆکارەکانی دەستبەسەربوون بۆ ماوەیەکی درێژ لە حاڵەتی دەستبەسەربوونی کاتیدا ماوەتەوە و لە مافی دیاریکردن و بەهرەمەندبوون لە پارێزەریش بێبەش کراوە.