بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٦ی سەرماوز (٢٧ی نۆڤامبر) بەندکراوێک بە ناوی حسەین عەلیپوور، ٥٠ ساڵان و خەڵکی میانە، بە هۆی ئەوەی درەنگ ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوە کرا لە نەخۆشخانەکەی خودی زینندانی ناوەندیی ورمێدا گیانی لەدەست دا.

دەوترێت ئەم بەندکراوە کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش بە تۆمەتی «پێوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە» دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کرابوو، کاتژمێر ٢ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە نووستنگەی یەک، کووپەی ٩دا بە هۆی هێڵنج و ڕشانەوەی فراوانەوە براوەتە نەخۆشخانەکەی زیندان، بەڵام بە ئەنقەست زۆر درەنگ گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و هەر بۆیە گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ئەم بەندکراوە براوەتە پزیشکیی دادی ورمێ و تا ئێستە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ڕانەگەیەنراوە.