بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی سنە بە دوو بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدامیان بە ناوەکانی شۆرش موروەتی و هێمن مستەفایی ڕاگەیاندووە کە حوکمەکانیان لە ڕۆژانی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.

ئەم دوو بەندکراوە کە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» لە لایەن دادگای کەیفەریی ١ی سنەوە سزای «قەساسی نەفس»یان بۆ بڕاوەتەوە، ئێستە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون و هەردەم مەترسیی جێبەجێکردنی دەستبەجێی حوکمەکەیان لە ئارادایە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا چالاکانی مەدەنی و کۆمەڵایەتی هەوڵێکی زۆریان بۆ وەرگرتنی ڕەزایەتی خاوەن خوێنەکانی هەردوو دۆسیەکە بە ئەنجام گەیاندووە و هەوڵەکان تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بووە و تەنانەت هەندێ ڕێکەوتنیش لەگەڵ شکاتکارەکاندا کراوە، بەڵام دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی زیندانییان زیندانی ناوەندیی سنە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەردا (١ی ئۆکتۆبر)، شۆڕش موروەتی و هێمن مستەفایی بە تۆمەتی هاندانی زیندانییەکان بۆ «هەڵاتن لە زیندان» گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی سنە.

لەو ڕووداوانەی زیندانی سنەدا لانیکەم ٣٠ بەندکراو ڕەوانەی دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و شەهرامفەڕی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران کران و خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی زۆر قورسەوە.

هێمن مستەفایی و شۆڕش موروەتی حەفتەی ڕابردوو لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەکانی ئیتلاعات و سپاوە گوازرانەوە بۆ قەرەنتینەی زیندان و تا ئێستە لە ژووری تاکەکەسیدان.