بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی بەفرانبار (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) زیندانیی سیاسیی کورد سەردار ئوزمەش وەک ناڕەزاییەک لە ئاست بەردەوامبوونی بەندکرانی ناڕەوای خۆیدا، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ مانی لە خواردن گرت.

سەردار ئوزمەش، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی تورکیا و هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێراقی، لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٨دا (١١ی دێسامبری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ئەم شارەدا، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێبەندانی ١٣٨٩دا (فێبرییەی ٢٠٢٠) بەبێ ئەوەی مۆڵەتی بەهرەمەندبوون لە پارێزەری دیاریکراوی خۆیی پێ بدرێت، لە لایەن لقی دووی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا (پ‌ک‌ک) سزای ١٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ناوبراو هەروەها لە لایەن لقی ١٠٦ی دادگای ورمێوە بە تۆمەتی «هاتنەژوورەوەی نایاسایی بۆ ناو خاکی ئێران» سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو کە دوای تانەلێدان، لە لقی ١٣ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا کەم کرایەوە بۆ دوو ساڵ بەندکران.

دەرکردنی ئەم سزایە بۆ ئەم هاووڵاتییە لە حاڵێکدایە کە ناوبراو نزیکەی ١٤ ساڵ لەمەوپێش دوای چەند ساڵێک ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا لەم پارتە جیا ببۆوە و لە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ژیانی دەکرد. ناوبراو لەم ماوەیەدا ڕەگەزنامە و پاسپۆرتی ئێراقیی وەرگرتبوو و بە شێوەی یاسایی و بە پاسپۆرت سەفەری ئێرانی کردبوو.

لە پووشپەڕی ١٣٩٩دا (جولای ٢٠٢٠) لقی ٢٥ی دیوانی باڵای ئێران سزای ١٥ ساڵ بەندکرانەکەی سەردار ئوزمەشی وەک خۆی پەسەند کردەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی پشووی کاتی (مورەخەسی) بێبەش کراوە.