نایب حاجیزادە، زیندانیی سیاسیی کوردی زیندانی ورمێ کە نزیکەی ساڵێک لەمەوپێش لە ناوەندێکی پزیشکیدا لە دەرەوەی زیندان نەشتەرگەریی هەڵەی بۆ کرابوو، لە دۆخێکی تەندروستیی ناجێگیردایە. کەچی سەرەڕای ئەم دۆخە و بە درێژایی ئەم ماوەیە، بە هۆی ڕازینەبوونی بەرپرسانی زیندانەوە تا ئێستایش لە مافی پشووی کاتیی دەرمانکردن و وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆخی ئەم زیندانییە سیاسییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ناوبراو لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا بە هۆی دڕانی ناوەکیی زگەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار نەشتەرگەریی هەڵەی بۆ کرا. دوای گەڕاندنەوەیشی بۆ زیندان و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی تەندوستیی بە درێژایی ئەم ماوەیە، کەچی بە هۆی ناڕازیبوونی بەرپرسانی زیندانەوە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە ساڵی ڕابردوو لەسەر سکاڵای داریووش بەخشی، سەرۆکی زیندان و مەسعوود کیا، ئەندامی هێزەکانی گاردی زیندان، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» سزای ٥٠ قامچی و ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. دوای دەرچوونی ئەم حوکمە و سەرەڕای ڕازیبوونی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان و دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیی دەرمانکردن، بەڵام دادوەری چاودێری زیندان مەرجی پێدانی پشووەکەی بەستبۆوە بە وەرگرتنی ڕەزامەندیی سکاڵاکارانی دۆسیەی «تێکدانی دۆخی زیندان» واتە داریووش بەخشی و مەسعوود کیاوە.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «نایب حاجیزادە لە گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا (نۆڤامبری ٢٠٢٢) و وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامبوونی بێبەشکردنەکەی لە مۆڵەتی پشووی کاتیی دەرمانکردن، بۆ ماوەی چەند ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو».

نایب حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٨ی ئۆکتۆبری ٢٠١٩) لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپوور لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دادگای ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا (نۆڤامبری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) لەسەر سکاڵای داریووش بەخشی، سەرۆکی زیندان و مەسعوود کیا، ئەندامی هێزەکانی گاردی زیندان، لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب عەسکەری، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییەکی تاوانە گشتییەکانەوە ڕووی دابوو.