بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ڕەشەمە  (٢٦ی فێبرییە) ژنێکی زیندانی بە ناوی ئامینە ئەحمەدی بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە گیانی لەدەست داوە.

ئەم زیندانییەی خەڵکی سنە کە ٢ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو، لە ٣ ڕۆژ پێش گیانلەدەستدانەوە بە هۆکاری نادیار تووشی ژەهراویبوون ببوو. ئەگەرچی ئەم بەندکراوە برابووە نەخۆشخانەکەی زیندان، بەڵام دوای پشکنینێکی سادە گەڕێنرابوویەوە بۆ ناو بەند.

دوای تێپەڕینی ٣ ڕۆژ بەسەر ژەهراویبوون و تێکچوونی دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییەدا، لەبەر ئەوەی کە ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندانیان نەکردبوو و لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی گونجاو بێبەشیان کردبوو، لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە گیانی لەدەست دا. بەرپرسان و سەرۆکی بەشی پاراستنی زیندانەکە هەڕەشەیان لە بەندکراوان کردووە کە بۆیان نییە هەواڵی مردنی ئەم زیندانییە بڵاو بکەنەوە.