مامۆستا حسەین خەسرەوی و هیوا نووری، دوو زیندانیی مەزهەبیی کوردی خەڵکی بۆکان کە تۆمەتی «بەغی»یان ڕووبەڕوو کراوەتەوە، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کران. هەروەها دۆسیەی سێهەم تۆمەتباری ئەم دۆسیەیە، مامۆستا سلێمان ئەدهەمی، ڕادەستی بەردەم دادگای تایبەتی مامۆستایان لە تەورێز کراوە و ئەم هاووڵاتییە تا ئێستایش بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە هەر لەم زیندانەدایە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لەم حەفتانەی ڕابردوودا مامۆستا حسەین خەسرەوی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندێکی بانە، لەگەڵ چالاکی مەزهەبیی کورد هیوا نووریدا بە بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراون.

هەروەها دۆسیەکەی مامۆستا سلێمان ئەدهەمی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی «مووسە»ی بۆکان کە پێشتر لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بوو، ڕادەستی بەردەم دادگای تایبەتی مامۆستایان لە تەورێز کراوە.

حسەین خەسرەوی و سلێمان ئەدهەمی، دوو مامۆستای سوننەی کورد، لەگەڵ چالاکێکی مەزهەبیی دیکەدا بە ناوی هیوا نووری لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢دا (٢٩ و ٣٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ.

ئەم سێ چالاکە مەزهەبییە بۆ ماوەی زیاتر لە ٣ مانگ لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە و لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانیی ناوەندیی ورمێ کران.

سزانامەی ئەم سێ هاووڵاتییە بە تۆمەتی «بەغی»، «ئەندامبوون لە گرووپی تیرۆریستیی ئەنسارولسوننەدا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن داواکاری گشتییەوە دەرکرابوو و دۆسیەکەیان بۆ لێکۆڵینەوە نێردرابووە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ئێستەدا لانیکەم ١٢ هاووڵاتی و چالاکی کورد بە تۆمەتی «بەغی» و «موحارەبە» لە زیندانه جیاوازەکانی ئێراندا چاوەڕێی دەرکردنی سزان و لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودان.