دارا ڕەشیدی، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی سەردەشت کە سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانەکەی لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێدەپەڕێنێت، لە سەرەتای ڕەزبەرەوە (کۆتایی سێپتامبەر) بە دەستووری سەرۆکی زیندانەکە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ئەمن و تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش بووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، دارا ڕەشیدی کە لە کۆتاڕۆژەکانی پێنجەم ساڵی بەندبووندایە، ڕۆژی ٣ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (٢٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) بە دەستووری خانزادەی سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە مەبەستی سزادان لە بەندی ٤ەوە گوازراوەتەوە بۆ بەندی ئەمن. ئەم زیندانییە سیاسییە کە پێشتر لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیدا بوو، لە ناوەڕاستی ساڵی ڕابردوودا گوازرابوویەوە بۆ بەندی ٤ کە بەندێکی تایبەتە بە تۆمەتبارانی مادە هۆشبەرەکان.
ئەم زیندانییە سیاسییە کە چەندین نەخۆشیی لەگەڵە، لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش بووە. دارا ڕەشیدی لە ڕێکەوتی ٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (٢٨ی مارسی ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر گواستنەوەیدا لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبییەوە بۆ ژووری تاکەکەسی، بۆ ماوەی ٨ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.
دارا ڕەشیدی پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٠دا (٢٠٠١) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند ساڵ بەندبوون لە زیندانەکانی نەغەدە و ورمێ، لە زیندان ئازاد کرابوو. هەروەها لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٣٩٨دا (٩ی دیسامبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری ورمێ. ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٨یش (٢٧ی ژانڤییەی ٢٠٢٠) ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە لایەن لقی سێهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا و دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیاری دادگا و بەپێی یاسا، سزاکە گۆڕدرا بۆ ٧ ساڵ و ٦ مانگ بەندکران.