ئەحمەدڕەزا حائیری، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ئیلام و دانیشتووی تاران کە لە زیندانی قزلحەساری کەرەجدا سزای سێ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران تێدەپەڕێنێت، بە گوشار و دەستێوەردانی دامودەزگا ئەمنییەکان، لە زینداندا ڕووبەڕووی دۆسیەسازیی نوێ بووەتەوە و ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) دانیشتنی لێپرسینەوە لەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» بەڕێوە چووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٢٥ی ڕەزبەر (١٦ی ئۆکتۆبەر) دانیشتنی لێپرسینەوە لەم زیندانییە سیاسییە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» لە لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کەرەج بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفرانس بەڕێوە چووە.

لاپەڕەی ئەحمەدڕەزا حائیری لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرامدا سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی: «ئەم دۆسیەسازییە لەژێر گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا و بەپێی ڕاپۆرت و سکاڵای بەرپرسانی زیندانی قزلحەساری کەرەج و بە هۆی نامە و ڕاپۆرتەکانی ئەم چالاکە بەندکراوەی مافەکانی مرۆڤەوە سەبارەت بە ئەشکەنجەدانی بەندکراوان و هەروەها چالاکییەکانی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە چوارچێوەی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ سێدارەدا، جێبەجێ کراوە».

ئەحمەدڕەزا حائیری، چالاکی مەدەنیی کورد، ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ١٤٠١ (٢٧ی ژوەنی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ٢ی ئەلفی زیندانی ئێڤینی تاران و ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ (٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) بە بارمتەی ٦ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خەرمانانی ١٤٠١دا (سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتەکانی «پیلانگێڕی بە مەبەستی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزاکە واتە ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە گوڵانی ١٤٠٢دا (مەیی ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا و لە خەرمانانی هەمان ساڵدا () لەگەڵ ١٢ زیندانییس سیاسیی دیکەدا گوازرایەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٢دا (٢١ی ژوەنی ٢٠٢٣) لەسەر سکاڵای ڕێکخراوەی زیندانەکانی پارێزگای تاران دۆسیەیەکی نوێی بۆ کرایەوە و بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ» سزای ٣ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپا.

ئەحمەدڕەزا حائیری لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانەوە ڕووبەڕووی بانگهێشتکردن و بەندکران بووەتەوە.