سامان سەیدی ناسراو بە سامان یاسین، هونەرمەندی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی، دوای دوو ساڵ بەندکران بۆ یەکەم جار مۆڵەتی پشووی دەرمانیی پێ درا و لە زیندان ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) سامان یاسین بە دانانی بارمتەی چوار میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی قزلحەساری کەرەج ئازاد کرا تاکوو لە دەرەوەی زیندان چاودێری و چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاتی دەستبەسەبوون و لێپرسینەوەدا خرابووە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی سەختەوە و هەر بۆیە کونەلووتی لای چەپی هەڵدڕابوو. هەروەها لە ماوەی بەندبووندا دوو جار ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکی کرابوو و لەوێ خەوێنرابوو.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا سزای ٥ ساڵ بەندکرانی سامان یاسین لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و لە زینداندا پێی ڕاگەیەنرا، بەڵام لە بەرگەی نوێی «تۆمارکردنی دۆخی بەندکراو» کە لە زینداندا بە خۆی دراوەتەوە، هیچ ئاماژەیەک بە حوکمە پێشووەکەی دوورخستنەوە بۆ زیندانی شەهربابەک نەکراوە.
سامان یاسین ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ڕۆژی ٨ی ڕەزبەری ١٤٠١ (٣٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی تاراندا دەستبەسەر کرا، تۆمەتی «موحارەبە»ی ڕووبەڕوو کرایەوە و لە سەرماوەزی هەمان ساڵدا (دیسامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر محەممەدڕەزا عەمووزاد سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.
لە بەفرانباری ١٤٠١دا (کۆتاییەکانی دیسامبەری ٢٠٢٢) دیوانی باڵای ئێران دوای لێکۆڵینەوە لە داواکاریی تێهەڵچوونەوەی سامان یاسین، بە هۆی ناتەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانەوە حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە و بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردیەوە بۆ دادگای یەکەم کە حوکمەکەی دەرکردووە.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە پاش ئەوەی کە چەندین جار بە هۆکاری جیاواز هەڵوەشایەوە، دواجار لە ٢٩ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەمووزاد بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢ی گوڵان (٢١ی ئاوریل) بە فەرمی بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەنرا کە سزای ٥ ساڵ بەندکران لە زیندانی شەهربابەکی پارێزگای کرماندا بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی وڵات» بەسەر سامان یاسیندا سەپێنراوە.