وریشە مورادی، ژنەچالاکی کورد کە ڕۆژی ١٨ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٨ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی «بەغی» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا، بە دەستووری دامودەزگا ئەمنییەکان و بەرپرسانی زیندانی ئێڤین لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە کە بە هۆی مانگرتنی ٢٠ ڕۆژەوە تووشی کێشەی کۆئەندامی هەرس بووە، لە کاتی سەپاندنی سزای لەسێدارەدانەوە لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. وا بڕیار بوو ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دابینکردنی تێچووی دەرمان لە لایەن خۆیەوە، ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان بکرێت، بەڵام دوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەرپرسانی زیندان پێیان ڕاگەیاندووە کە چوونەدەرەوەی لە زیندان قەدەغە کراوە.
وریشە مورادی هەروەها تووشی نەخۆشیی قورسی جومگەکان و پشت بووە و پێشتر پرۆسەی فیزیۆتراپیی دەست پێ کردبوو، بەڵام دوای دەستپێکردنی مانگرتنەکە پرۆسەی دەرمانەکەیشی ڕاگیرا.
وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا بە دەسڕێژ و تەندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
وریشە مورادی ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە زیندانی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە بە هۆی کێشەی کۆئەندامی هەرسەوە کە دوای ئەو مانگرتنە تووشی بووە، ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرا و دوای شەوێک مانەوە لە نەخۆشخانەدا گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.
دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی ٢٧ی جۆزەردان و ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٦ی ژوەن و ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزان (١٠ی نۆڤامبەر) بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. لە دانیشتنەکانی دادگادا مۆڵەتی بەرگریکردن بە وریشە مورادی نەدرا و تەنانەت پارێزەرەکانیشی ئەو مۆڵەتەیان پێ نەدرا. هەروەها پارێزەرەکانی کە پێشتر مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێ نەدرابوو، دوای کۆتاییهاتنی دووهەم دانیشتنی دادگا تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک توانیبوویان دۆسیەی پارێزوانەکەیان بخوێننەوە.
سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی لە کاتێکدایە کە پێشتر لە سزانامەکەدا داوای جێبەجێکردنی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی کرابوو کە دوایین سزاکەی ١٥ ساڵ بەندکرانە، بەڵام دادوەر سەڵەواتی لە پرۆسەیەکی نایاساییدا و بەپێی مادەی ٢٨٧ی هەمان یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەم دادوەرە هاوکات لە ڕێکەوتی ١٧ی گوڵانی ١٤٠٣ەوە (٦ی مەیی ٢٠٢٤) ئەم ژنەچالاکە کوردەی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کردووە.