ئازاد عەباسی، زیندانی سیاسیی خەڵکی دێولان کە لە ڕۆژی ١٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣وە (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە زیندانی قوروە سزای یەک ساڵ بەندکران تێدەپەڕێنێت، کەوتووەتە بەر پەلامار و لێدانی چەندین بەندکراوی تاوانە گشتییەکان و ئەم بەندکراوانە بە «ئامێرێکی تیژ» و «تەرمۆسەی ئاوی گەرم» هێرشیان کردووەتە سەری.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی ٢٩ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بەرپرسی بەندەکە لەگەڵ چەندین بەندکراوی دیکەدا پەلاماری ئەم زیندانییە سیاسییەیان داوە. ئازاد عەباسی دوای دیدارکردن لەگەڵ بەرپرسانی زینداندا داوای لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە و کۆنترۆڵکردنی کامێراکانی چاودێریی کردووە، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ ناو بەند جارێکی دیکە هەمان ئەوانەی پێشوو پەلاماریان داوەتەوە و سەرلەنوێ بە «ئامێرێکی تیژ» و «فلاسکی ئاوی گەرم» لێیان داوە.
لە ئەنجامی ئەم پەلامار و لێدانەدا هەندێ شوێنی ئازاد عەباسی سووتاوە بەڵام سەرەڕای ئەمەیش تا ئێستا لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە. هەروەها بەرپرسانی زیندان تا ئێستا هیچ هەنگاوێکیان بۆ سزادانی هێرشبەران هەڵنەگرتووە و هیچ نووسین و تۆمارکردنێکیشیان بۆ ڕووداوەکە ئەنجام نەداوە.
ئازاد عەباسی، مامۆستای زمانی کوردیی خەڵکی دێولان و بەرپرسی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین»، ڕۆژی ١٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٣١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٢ ساڵ بەندکران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی قوروە.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتر بە شێوەی غیابی لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای کەیفەریی دووی دێولانەوە بە تۆمەتەکانی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» سزای ٥ ساڵ بەندکران، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ٢ ساڵ بەندکران و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو.
دوای پێشکەشکردنی داوای تێهەڵچوونەوە، دادگاکە ئەستۆپاکیی لە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» ڕاگەیاند، بەڵام بە گشتی سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاندەوە. لە دادگای پیاچوونەوەدا کۆی سزاکە کەم کرایەوە بۆ ساڵێک بەندکران. بەپێی حوکمەکە، ئازاد عەباسی بە تۆمەتی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەر» سزای ٨ مانگ بەندکران و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٤ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە.
ئازاد عەباسی لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار بە هۆی چالاکییە مەدەنییەکانیەوە لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە. لە دواحاڵەتدا، ڕۆژی ٢٧ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٨ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە دێولان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، پاش چەند ڕۆژێکیش گواستیانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی سنە و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.