موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کورد کە پازدەهەم ساڵی بەندکران لە زیندانی ئێڤینی تاراندا تێدەپەڕێنێت، بە هۆی نەخۆشیی فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە، هەوکردنی بۆریی میز و شێرپەنجەی ڕژێنەی دوانزەگرێوە لە دەۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپ و ناجێگیردایە. بەڵام سەرباری ئەمە و بۆچوونی فەرمیی پزیشکیی دادیش لەمەڕ پێویستبوونی ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزای ئەم زیندانییە سیاسییە بە هۆی دۆخی تەندروستیی خراپیەوە، داواکاری گشتیی تاران ڕێگری دەکات لە ناردنی بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان و پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بە هۆی بێبەشکردنیەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، زگی ئەم زیندانییە سیاسییە بە قورسی توشیی ئاسیت و ئاوسان بووە و ئەمەش بووتە هۆی توندبوونەوەی زەختەکان لەسەر سییەکان و مەعیدەی.
بەرپرسانی نەخۆشخانەی زیندان ڕایانگەیاندووە کە لەبەر کەمبوونی کەرەستە و سنوورداربوونی خزمەتگوزارییەکان، ئەو نەخۆشخانەیە ناتوانێت چارەسەری پزیشکی بۆ موتەلیب ئەحمەدیان دابین بکات و داوایان کردووە دەسبەجێ ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان بکرێت. هەروەها پزیشکیی دادیش بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییە داوای ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکەی کردووە، بەڵام عەلی ساڵحی، داواکاری گشتیی تاران، ئەم داوایانەی ڕەت کردووەتەوە.
لە چەند مانگی ڕابردوودا بەرپرسانی دەزگای دادوەری وتبوویان کە بە مەرجی دانانی بارمتەی ٥ میلیارد تمەنی مۆڵەتی پشووی کاتی بەم زیندانییە سیاسییە دەدرێت، بەڵام دوای دابینکردنی بارمتە دیاریکراوەکە لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، داواکاری گشتیی تاران بڕی بارمتەکەی بەرز کردەوە بۆ ٨ میلیارد تمەن و بنەماڵەکەی تا ئێستا نەیانتوانیوە ئەو بڕەبارمتەیە ئامادە بکەن.
موتەلیب ئەحمەدیان کە لە ساڵانی بەندکراندا تووشی نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی ڕژێنەی دوانزەگرێ، فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە و هەوکردنی بۆریی میز بووە، لە یەک ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٥ کیلۆ لە کێشی دابەزیوە و لەبەر بەردەوامیی بێبەشکردنی لە خزمەتگوزاریی پزیشکیی پسپۆڕانە و گونجاو کەوتووەتە دۆخێکی تەندروستیی سەختەوە و ئەمەش بووەتە مایەی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست توندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییەدا.
ئەگەرچی لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (ژوەنی ٢٠٢٤) ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرا، بەڵام بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی دەرمان زۆرزوو گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
موتەلیب ئەحمەدیان لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨ (ژانڤیەی ٢٠٢٠) و لە دووتوێی نامەیەکدا ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە. ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەدان بە ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ و شکانی سێ مۆرەی بڕبڕەی پشتی لەژێر ئەشکەنجەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدا، وتبووی کە هۆکاری خراپتربوونی دۆخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کاتی خۆیدا و نووسیبووی: «بە داخەوە زیندان ئامادە نییە پێش و پاش نەشتەرگەری تێچووەکانی دەرمان دابین بکات، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران کۆی تێچووی دەرمانکردنی بەندکراوان لە ئەستۆی خودی ئەو ڕێکخراوەیەدایە، بەڵام من خۆم کۆی تێچووەکانم دابین کردووە و لەبەر ئەوەی توانای دابینکردنی پارەی زیاترم نەبوو بە ناچار وازم لە درێژەدانی پرۆسەی دەرمان هێنا».
موتەلیب ئەحمەدیان، هاووڵاتیی ٣١ ساڵانی خەڵکی بانە، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩ (٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠) دەستبەسەر کرا و دوای ٨ مانگ مانەوە لە دۆخی سەختی ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە و لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییدا، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا. هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەیشدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانەوە» سزای یەک میلیۆن ڕیال غەرامە و ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ٩ ساڵ بەندکران و پێدانی نیوەی دیەیەکی تەواو و ٢٠ میلیۆن تمەن غەرامەی پارەی بەسەردا سەپاوە.
موتەلیب ئەحمەدیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە زیندانەکانی سەقز، سنە، ڕەجایی شار و ئێڤیندا بووە.