فەرید عینایەتی، لە دەستبەسەرکراوانی پێشووی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی» کە ڕۆژی ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە کرماشان دەستبەسەر کرابوو، دوای ٤٢ ڕۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە. ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانباری ١٤٠٣ (٢٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشانەوە ڕەوانەی زیندانی دیزڵئاوای ئەم شارە کرابوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، زەختی خوێن و کێشی جەستەی فەرید عینایەتی بە هۆی مانگرتن لە خواردنەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ئێستە لە قەرەنتینەی زیندانی دیزڵئاوا و لە دۆخێکی نەگونجاو و خراپدا ڕاگیراوە. ئەم چالاکە کوردە لە کاتی دەستبەسەرکردنەوە تا ئێستا لە مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە و تەنها ڕۆژی چوارشەممە ٥ی بەفرانبار (٢٥ی دیسامبەر) دوای گوازرانەوە بۆ زیندانی دیزڵئاوا توانیویەتی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات.
دەوترێت دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە و بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لە یەکێک لە لقەکانی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی کرماشان لە بەردەم لێکۆڵینەوەدایە.
هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ئێوارەی ڕۆژی ٢٤ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (١٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی فەرید عینایەتی لە شاری کرماشان و بەبێ مۆڵەتی یاسایی خۆی و برایەکیان بە ناوی حەمید عینایەتی دەستبەسەر کرد. حەمید عینایەتی سەرۆکی لیژنەی شاخەوانیی پاوەیە.
دوای گواستنەوەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان، فەرید عینایەتی وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر دەستبەسەرکردنی خۆیدا مانی لە خواردن گرت و ئامادە نەبوو هیچ قسەیەک لەگەڵ لێپرسەوەکاندا بکات.
حەمید عینایەتی دوای ٢٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرا.
فەرید عینایەتی، چالاکی کوردی خەڵکی پاوە و دانیشتووی کرماشان، پێشتر لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان. ئازادی» و لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە شەقامێکی کرماشان دەستبەسەر کرا. ئەم چالاکە کوردە بۆ ماوەی ٣ مانگ لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی نەبیی ئەکرەمی کرماشان بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر گوشار و لێپرسینەوەی قورسەوە.
فەرید عینایەتی ئەو کاتیش بۆ ماوەی ٤١ ڕۆژ وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بەردەوامبوونی مانەوەی لە دۆخی دەستبەسەریدا مانی لە خواردن گرتبوو و دواجار پاش ١٠٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ئازاد کرابوو.