حسەین عوسمانی، زیندانیی سیاسیی کورد کە یازدەهەمین ساڵ لە کۆی سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێدەپەڕێنێت، لەم ڕۆژانەی دواییدا بە هۆی نەخۆشییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکەی زیندان کراوە و دوای سێ ڕۆژ خەواندن، ڕۆژی ڕابردوو یەکشەممە ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) نەک تەنها ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوی زیندان نەکراوە، بەڵکوو گەڕێنراوەتەوە بۆ بەندی زیندانیانی سیاسیی ئەم زیندانە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، حسەین عوسمانی کە تەمەنی ٦٣ ساڵە، چەندین نەخۆشیی لەگەڵە و لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە لە ڕەشەمەی ١٣٩٢دا (فێبرییەی ٢٠١٤) تا ئێستا تەنها یەک جار لە ڕەزبەری ١٤٠٠دا (سێپتامبەری ٢٠٢١) و دوای دەرکردنی مۆڵەتێک لە لایەن سەرۆکی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە، بۆ ماوەیەکی کورت مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا. بەڵام پاش ئەو جارە وەزارەتی ئیتلاعات هەموو جار ڕێگریی کردووە لە هەناردنی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان و پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و دەرمانی.

حسەین عوسمانی ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٢ (٢٣ی فێبرییەی ٢٠١٤) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ و بۆ ماوەی ١٣ مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئەم دەستبەسەرگەیەدا ڕاگیرا. ئەم زیندانییە سیاسییە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی دیداری بنەماڵە بێبەش بوو و تەنها دوو جار توانیبووی بە کورتی لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندییان پێوە بکات. هاوکاتیش لە دەستبەسەرگەدا خرابووە بەر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونییەوە و ساڵی ١٣٩٣ (٢٠١٤) بە هۆی لێکەوتەکانی ئەو ئەشکەنجانەوە بۆ ماوەی چوار مانگ لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ خەوێنرا، بەڵام تا ئێستایش تەندروستیی تەواوی خۆی بەدەست نەهێناوەتەوە.

لە خاکەلێوەی ١٣٩٤دا (ئاوریلی ٢٠١٥) حسەین عوسمانی لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی دیکەدا، دیاکۆ ڕەسوولزادە و سابیر شێخ عەبدوڵڵا، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەوادی‌کیا و بەبێ پارێزەر بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا و «بەشداریکردن لە تەقینەوەکەی ساڵی ١٣٨٦ی مەهاباددا» سزای لەسێدارەدانی لە شوێنێکی گشتیدا بەسەردا سەپا. دوای تانەدانی تۆمەتباران لەو حوکمە، بڕیارەکە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە گەڕێنرایەوە بۆ هەمان دادگای یەکەم. دواجار و لە ساڵی ١٣٩٧دا (٢٠١٨) هەمان دادگا بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد غوڵامی سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ورمێی بەسەر حسەین عوسمانیدا سەپاند و ئەم جارە بڕیارەکە وەک خۆی لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پەسەند کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لەسەر بنەمای ئەو دانپیانانە تۆمەتبار کراوە کە لەژێر ئەشکەنجەدا لێی وەرگیرابوو و لە دانیشتنەکانی دادگادا سەرجەم دانپیانانەکانی ڕەت کردبووەوە و وردەکاریی ئەشکەنجەکانیئی بۆ دادوەر باس کردبوو.

حسەین عوسمانی ڕۆژی ١ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٢٣ی سێپتامبەری ٢٠١٩) دوای ١١ مانگ لە زیندانی مەهابادەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. دیاکۆ ڕەسوولزادە و سابیر شێخ عەبدوڵڵایش ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٩ (١٣ی جولایی ٢٠٢٠) لە سێدارە دران. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بەرپرسانی دەوڵەتی و سوپای پاسداران لێدوانی دژواز و جیاوازیان لەسەر بکەرانی تەقینەوەکەی ١٣٨٩ (٢٠١٠)ی مەهاباد دابوو. وەزارەتی ئیتلاعات ڕۆژی ٢٨ی گوڵانی ١٣٩٣ (١٨ی مەیی ٢٠١٣) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سێ کەس لە «ئەنجامدەرانی تەقینەوەکە» دەستبەسەر کراون، ئەمە لە کاتێکدا بوو کە سێ ساڵ پێشتری، لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٣٨٩دا (٢٦ی سێپتامبەری ٢٠١٠)، فەرماندەی هێزی زەمینیی سوپای پاسداران ڕایگەیاندبوو کە «ئەنجامدەرانی سەرەکی و یەکەم»ی ئەو تەقینەوەیە کوژراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لە نزیکەوە ئاگای لە دۆسیەی ئەم هاووڵاتیانە بووە، «لێپرسەوەکانی وەزارەتی ئیتلاعات لە قۆناغی دەستبەسەربوونی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردەدا، سەرەتا بە ئەشکەنجە و پاشان لە ڕێگای بەڵێنی یارمەتیدانەوە بەڵێنیان پێ دابوون کە ئەگەر بەرپرسایەتیی تەقینەوەکە لە ئەستۆ بگرن ئازاد دەکرێن و ئەگەریش بە پێچەوانەوە بێت، دۆسیەسازییان بۆ ئەکەن و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێنن».

لە خەرمانانی ١٣٩٣دا (سێپتامبەری ٢٠١٤) کاناڵی پرێس تیڤیی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی دا بە بڵاوکردنەوەی فیلمی دانپیانانی زۆرەملێی ئەم زیندانییە سیاسیانە، ئەو فیلمە وەکوو بەڵگەیەکی فەرمی لە قەڵەم بدات.