ئەنوەر چالشی (چالیشی)، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی ورمێ کە ماوەیەک لەمەوپێش لە زیندانی ناوەندیی ئەم شارە ئازاد کرابوو، بە هۆی وەرنەگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و پەرەسەندنی شێرپەنجەی ڕیخۆڵەوە لە قۆناغی بەندبووندا، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (١٩ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
هاوزیندانییەکی پێشووی ئەم زیندانییە سیاسییە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە ئەنوەر چالشی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکەیەوە لە دۆخێکی زۆر دژوار و ناجێگیردا بوو و زیندانیانی سیاسی چەندین جار لە بەرانبەر دۆخی خراپی تەندروستیی ئەم هاوزیندانییەیاندا ناڕەزایەتییان دەربڕیبوو: «ئەنوەر لە دوو ساڵی ڕابردوودا بە هۆی پەرەسەندنی نەخۆشییەکەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کێشی دابەزیبوو و بەردەوام لەسەر خۆ دەچوو. هەرجار کە بە زەخت و گوشاری زیندانییەکان ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرا، بە هۆی ڕێگریکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە و بە بیانووی دابیننەکردنی تێچووەکانی دەرمان هیچ کارێکیان بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی دەرمان ئەنجام نەدا و بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕاندیانەوە بۆ نەخۆشخانە».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ساڵی ڕابردوو پزیشکیی داد بە هۆی دۆخی ناجێگریەوە ڕایگەیاندبوو کە توانای مانەوە لە زیندانی نەماوە، بەڵام دیسان بە هۆی ڕێگریکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە هەر لە زینداندا ڕاگیرا. دواجار و پاش ڕەزامەندیی دەزگای داد لەگەڵ داوای لێخۆشبوونیدا، ئەنوەر لە زیندان ئازاد کرا بەڵام ئیدی هیچ دەرفەتێک بۆ دەرمانکردنی نەمابوو.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان مانگی جۆزەردانی ١٤٠٣ (مەیی ٢٠٢٤) لە دووتوێی ڕاپۆرتێکدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە ئاست دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە سیاسییەدا ڕایگەیاندبوو کە لە گوڵانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤) بە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییەوە لە بەندی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ورمێوە گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی «خومەینی»ی ئەم شارە، بەڵام بە هۆی هەژاری و دابیننەکردنی تێچووەکانەوە پرۆسەی دەرمانکردنی دەستی پێ نەکردووە و بە کەلەبچە و پێبەندەوە لە نەخۆشخانەدا ڕاگیراوە.
ئەنوەر چالشی، هاووڵاتیی ٥٠ ساڵانی خەڵکی ورمێ، ڕۆژی ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٩ (٢ی دیسامبەری ٢٠٢٠) لەگەڵ هاووڵاتییەکی تردا بە ناوی کەمال سەیدان مەسکەن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کۆتایی هەمان ساڵدا (مارسی ٢٠٢١) دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەزبەری ١٤٠٠دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا سزای ٧ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.