زه‌ینه‌ب جه‌لالیان، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هه‌تاوی (١٩٨٣) له‌ گۆندی سنووریی «دێم قشڵاق»ی سه‌ر به‌ شاری ماكۆ، کۆنترین و تاکەژنی زیندانیی سیاسییە لە ئێراندا کە سزای بەندکرانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە. زەینەب لە ٧ی ڕەشەمەی ١٣٨٦ـەوە (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) لە زینداندایە و نەک تەنها تا ئێستا لە مافی پشووی کاتی بێبەش کراوە، بەڵکوو زۆربەی ئەم ساڵانە تەنانەت مۆڵەتی دیداری بنەماڵەیشی پێ نەدراوە. هەروەها سەرەڕای تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر لە قۆناغی بەندکراندا، چەندەها جار بە شێوەی نایاسایی و توندوتیژ لە نێوان زیندانە جیاوازەکاندا جێگۆڕکێی پێ کراوە.

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان ساڵی ١٣٨٧ (٢٠٠٨) بە تۆمەتی «موحارەبە» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا و دواجار لە ساڵی ١٣٩٠دا (٢٠١١) ئەم سزایە کەم کرایەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی. ئەم زیندانییە سیاسییە لە قۆناغی دەستبەسەربوون و بەندکراندا خراوەتە بەر ئەشکەنجەی قورسەوە و دوای ١٧ ساڵ هێشتا لەژێر زەختی دامودەزگا ئەمنییەکاندایە و پێیان وتووە کە ڕەزامەندیی ئەوان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و پێدانی مۆڵەتی پشووی دەرمانی، گرێدراوی دەربڕینی پەشیمانییە لە ڕابردوو و چالاکییەکانی. ئەمیرسالار داوودی، پارێزەری زەینەب، چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە بەردەوامبوونی مانەوەی پارێزوانەکەی لە زینداندا بەپێی یاسای نوێی سزادانی ئیسلامی کارێکی نایاساییە و دەبێ دەسبەجێ ئازاد بکرێت.

کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵی ١٣٩٥ (٢٠١٧) لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکرێت و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگیرێتە بەر.

زەینەب جەلالیان لە ساڵڕۆژی دەستبەسەرکردنی و لە دووتوێی نامەیەکدا لە زیندانی یەزدەوە کە بە مەبەستی بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، بەتەنها بەشێک لە ئازارەکانی ١٧ ساڵ دیلبوونی خۆی گێڕاوەتەوە. لە کۆتایی نامەکەیشیدا ڕووی کردووەتە خەڵکی ئێران و داوای کردووە لە بەرانبەر لەسێدارەدان، زیندان، هەژاری و…دا یەکگرتوو و هاودەنگ بن.

کۆی دەقی نامەکە

«دەستەکانم بۆنی گوڵیان لێ دەهات، بە تاوانی گوڵچنین سزایان دام. بەڵام کەس بیری لەوە نەکردەوە کە ڕەنگە گوڵێکم چاندبێت*».

ستەم برینێکی قووڵی خستە سەر دڵم کە تا هەتایە بیرم ناچێتەوە. من باویلکەیەکی بچووک بووم، هەڵگری پەیامێکی گەورە بۆ ئازادی و ئازادژیان. ڕۆژی ٧ی‌ ڕەشەمەی‌ ١٣٨٦ (٢٥ی فێبرییەی ٢٠٠٨) سەفەری خۆم بۆ شاری شیرینی کرماشان دەست پێ کرد، بەڵام بەکرێگیراوانی ستەم لە ڕێگادا ڕفاندیانم و بردیانمە شوێنێکی نامۆ و غەریب.

پاسەوانانی ڕەشپۆش دابونەریتێکی سەیریان هەبوو. لەو شوێنە تۆقێنەرەدا کەس بۆی نەبوو ئەویدی ببینێت. چاوەکانمیان بە چاوبەندێکی ڕەش بەستبوو و دەیانپرسی: «ناوت چییە؟»، دەمگوت: «ناوی من زەینەبە.» لێیان دەدام و دیسان دەیانپرسی: «ناوت چییە؟»، دیسان دەمگوت: «ناوی من زەینەبە.» دیسان لێیان دەدام، ئەشکەنجەیان دەکردم و دیسان دەیانپرسییەوە: «ناوت چییە؟».

چەندین و چەندەها جار پرسیارێکیان دووبارە دەکردەوە. وەڵامم داباوە یان بێدەنگیم لێ کردبا، هیچی نەدەگۆڕا؛ ئەشکەنجەکان درێژەی هەبوو. لەو مێشکە نەخۆشەیان تێنەدەگەیشتم. لەو شوێنە تاریکەدا هیچ دەلاقەیەک بەرەو ڕووناکی نەبوو، چونکوو پاسەوانانی ستەم وەکوو شەمشەمەکوێرە لە ڕووناکی دەتۆقان.

چەند مانگێک دواتر ڕەوانەی زیندانیان کردم. زیندانبانەکان ژن بوون، بەڵام هەڵسوکەوتیان لەو پیاوە بێناو و نادیارانەیش خراپتر بوو و ئازاری ئەمە لە لام زۆر قورستر دەکەوتەوە.

دوای چەندین مانگ چاوەڕوانی و هەڵپەسێردراویی پڕئازار و تاقەتپڕووکێن، ڕۆژێک لە سپیکەری زیندانەوە بە ئاوازێکی پڕ لە ڕق و نەفرەت بانگیان کردم. زنجیریان لە دەست و پێیەکانم کرد و ڕاپێچی بەردەم دادگایەکی فۆرمالیتەیان کردم. سێ خولەک بە زمانی دایکیم لەگەڵ دادوەرەکە قسەم کرد، نەیدەناسیم، تەنانەت گوێی لە قسەکانیشم نەگرت. باشە پشتی بە چی بەست که سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندم؟ نازانم!

پاشان دووریان خستمەوە بۆ تاران. شەش مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتدا بە مەبەستی ناچارکردنم بە دداننان بە تاوان و وتووێژی زۆرەملێدا خستیانمە ژێر زەخت و گوشاری پڕووکێنەرەوە. دوای چەندین ساڵ، پاسەوانانی حکومەت دایکمیان بە هەڕەشە هێنا بۆ تاران. هاوارەکانی دایکم سەرتر لە تێگەیشتن بوو و لە وێناکردن نایەت. هەڵگرتنی ئێش و ئازاری دووربوون لە منداڵ و سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر ڕۆڵەکەیدا، بۆ ئەو گەلێ سەخت بوو و هێشتایش هەر سەخت و دژوارە. ئازاری دایکم لە سەبوورییەکەی زیاتر بوو، بەڵام لە بەرانبەر ستەم و ستەمکاراندا سەری نەوی نەکرد. دایکم وێنای خەمێکی گەورە بوو؛ بێگومان وشەکانی من توانای وێناکردنی ئەو پەژارە مەزنەیان نییە.

دوای شەش مانگ گەڕاندیانمەوە بۆ کرماشان. چەندین و چەند جار داوام کرد بمگوازنەوە بۆ پارێزگاکەی خۆم، بەڵام حەوت ساڵ لە زیندانی کرماشاندا مامەوە. دواتر دووریان خستمەوە بۆ زیندانی شاری خۆی و چوار ساڵیشم لەوێ و لەژێر گوشاری ڕۆحی و دەروونیدا بردە سەر.

شەوێک کە کاتی خەوتنیان ڕاگەیاندبوو و بێدەنگییەکی مەرگاوی زیندانەکەی داگرتبوو، پاسەوانانی ستەم دیسان هاتنەوە، زنجیریان لێ بەستم و دووریان خستمەوە بۆ زیندانی قەرچەک. لە بەندی کاتیدا ڕایان گرتم و لەوێ تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووم. هیچ چاودێرییەکی پزیشکیم وەرنەگرت، سییەکانم زیانی گەورەیان بەر کەوت. چەندەها جار داوای گواستنەوەم کرد بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدامەوە. بە ناچار مانم لە خواردن گرت.

دوای چەندین ڕۆژ چاوەڕوانی، نیوەشەوێک کە زیندانییەکان لە خەودا بوون و تەنها دەنگی کۆکەی من بوو بێدەنگییەکەی دەشکاند، پاسەوانانی ستەم دیسان هاتنەوە. بە زۆر و بە کەلەبچە و پێبەندەوە دووریان خستمەوە بۆ کرمان. نە چاوێک هەبوو داواکارییەکەم بخوێنێتەوە، نە گوێیەک کە قسەکانم ببیسێت، نە دڵێک کە هاودڵی و هاوخەمیم لەگەڵ بکات. دوای چەندین مانگ تەنیایی و گۆشەگیری، قەدەغەکردنی تەلەفۆن و دیدار و تەنانەت نەبوونی کارتی بانکی، لە ئێوارەیەکی خەمبار و تەمگرتووی کرماندا، هێزەکانی زیندان بە سوێندی درۆ و پەنابردن بۆ زۆر سەرلەنوێ دووریان خستمەوە بۆ کرماشان.

بە هەموو ئەمانەیشەوە، دوای ئەم هەموو دەربەدەری و ئاوارەبوونە ئیجبارییە، بە جەستەیەکی ماندوو و نەخۆشەوە چاوەکانم داخست تاکوو بۆ ساتێک پشوو وەربگرم، بەڵام دەنگی پاسەوانانی بەرزەخ دەرفەتی پشوودانی لێ زەوت کردم. دەست و قاچەکانیان بەستمەوە، چاوەکانیان داپۆشیم و دووریان خستمەوە بۆ یەزد. چەندەها ساڵم لەم تاریکییەدا بە هەموو ئازار و سەختییەکانیەوە، بەبێ تەلەفۆن و دیدار، بەسەر بردووە. ئێستە چوار ساڵ و چوار مانگە لە زیندانی یەزد بەند کراوم.

لەم تاریکییەی زینداندا، چاوانم لەسەر یەک دادەنێم. تاپۆیەک لە ژیانی دەرەوەی زیندان لە خەیاڵمدا ماوەتەوە. بیری باوەشی گەرمی دایکم، نیگای پڕمیهرەبانیی باوکم، بزەی خوشکەکەم و تەنانەت گرژییەکانی براکەم دەکەم. دڵتەنگم بۆ خەڵکی خوێنگەرم و میوانداری کوردستان و ئاوازە کوردییەکان. تاسەی بۆنی خاک، هەڵاڵە برمەکان، داربەڕووەکان و سمۆرە بەڕووخۆرەکانی دەکەم. دڵم لە لای کانیاوە ڕوونەکان، ڕووبارە بزۆزەکان، چیا سەرکەشەکان و شەوانی پڕئەستێرەیە.

بە هەموو ئازار و تاسەکانەوە، حەڤدە ساڵ تێ پەڕی… حەڤدە ساڵ!

خەڵکی بەڕێزی ئێران!

کاربەدەستانی ئەم ڕژێمە خەریکن وڵاتی دایکیمان کاول دەکەن. لاوەکانمان دەکوژن، لە سێدارەیان دەدەن یان توندی زیندانیان دەکەن. کانزا و سەرچاوە سروشتییەکانمان تاڵان دەکەن. ئابووریی وڵاتیان کاول کردووە. هەژاری و برسێتی هەموو قوژبنێکی گرتووەتەوە.

ئێوە تا کەی دەتانەوێ لە بەرانبەر ئەم کاولکارە بێڕەحمانەدا بێدەنگ بن؟!

تا کەی دەتانەوێ بە هەژاری و برسێتییەوە هەڵکەن؟!

تا کەی دەتانەوێ چاوەڕوانی وێرانبوونی وڵات و داهاتووی منداڵەکانتان بن و هیچ نەڵێن؟!

ئایا ئێمە شایستەی ئاوا ژیانێکی زەلیلانەین؟!

خەڵکی نازداری ئەم سەرزەمینە!

وەرن یەک بگرین و پێکەوە یەکدەنگ هاوار بکەین:

نا بۆ مرۆڤکوشتن، نا بۆ سێدارە، نا بۆ زیندان، نا بۆ هەژاری، نا بۆ برسێتی…

«ئەگەر بە دیتنی نادادپەروەری تووڕەیی دات دەگرێ، ئەوا هاوخەباتی منی*».

* چێ گیڤارا

زەینەب جەلالیان

زیندانی یەزد – ٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣

٢٥ی فێبرییەی ٢٠٢٥