لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەروین ئەدوایی، چالاکی مەدەنی و زیندانیی سیاسیی پێشووی خەڵکی مەریوان، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم چالاکە مەدەنییە ڕۆژی ١ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٢٠ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی ژنان)ی سنە.

پەروین ئەدوایی بۆ ماوەی نزیک بە مانگێک لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانەدا بوو و بە ڕۆژ بۆ لێپرسینەوە دەبرا بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم چالاکە مەدەنییە بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو و ڕۆژی ٢٩ی ڕێبەندان (١٧ی فێبرییەی ٢٠٢٥) دوای کۆتاییهاتنی قۆناغی لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی گشتیی ئەم زیندانە کرابوو.

دواجار و لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم ژنەچالاکە پێشتریش لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژی ١٣٩٨دا (٢٧ی جولایی ٢٠١٩) دوای هێرشکردنی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی لە مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و دوای دوو مانگ لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ڕەوانەی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) کرا، ڕۆژی ٢ی گەڵارێزانی ١٣٩٨یش (٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەریوانەوە بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای هاوکاریکردنەوە لەگەڵ پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەدا گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران و لە خاکەلێوەی ١٣٩٩دا (ئاوریلی ٢٠٢٠) دوابەدوای ڕاگەیاندنی لێخۆشبوونی دەزگای دادوەری بە بۆنەی نەورۆزەوە لە زیندان ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە لەم ساڵانەی دواییدا لە بواری مافەکانی ژنان، منداڵان و ژینگەپارێزیدا لە مەریوان چالاک بووە. هەروەها لە دۆسیەی ئازاردانی سێکسیی منداڵێکدا لە گوندی «سلێن»ی هەورامان دەورێکی بەرچاوی هەبوو.