هیوا بەهین، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای ٦ مانگ بەندکرانی لە زیندانی بۆکاندا تێدەپەڕاند، لەم ڕۆژانەی دواییدا دوور لە هەرجۆرە هۆکار و ڕێکارێکی یاسایی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم دوورخستنەوەیە نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش ڕووی داوە و ئەم زیندانییە سیاسییە لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ورمێ و لەو زیندانەدا سەرلەنوێ لێپرسینەوەی لێ کراوە.
هیوا بەهین ڕۆژی ٤ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (٢٤ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ و پاش چەند ڕۆژێک لێپرسینەوە گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی بۆکان. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ماوەی دەستبەسەربووندا لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کرابوو و دواجار ڕۆژی ١١ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١ی دیسامبەری ٢٠٢٤) بە بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن، لە زیندان ئازاد کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە لە بەفرانباری ١٤٠٣دا (ژانڤییەی ٢٠٢٥) لە لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی دووی بۆکان بە سەرۆکایەتیی دادوەر فەخری بەڕێوە چوو و بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٣ (٢٦ی فێبرییەی ٢٠٢٥) دوای بانگهێشتکران بۆ نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکان و بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ زیندانی بۆکان.
گواستنەوەی لەناکاوی هیوا بەهین بۆ زیندانی ورمێ و لێپرسینەوەی دووبارە لەدوای دەرکردنی بڕیاری یەکلایی و کۆتایی دادگا، بووەتە مایەی نیگەرانیی بنەماڵەکەی و ئەو ئەگەرەی هێناوەتە ئاراوە کە ڕەنگ بێ دامودەزگا ئەمنییەکان بەتەمای پرۆسەیەکی نوێی دۆسیەسازی و ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی دیکە بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بن.