بەندکراوێکی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان بە ناوی حامید گەراوەند لە بەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە ڕاگرتنی ڕەوتی پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، لە زیندانی قەیماسی مایدەشتی کرماشان لە هەوڵێکی خۆکوشتندا لە ڕێگای هەڵدانی حەبەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی یەکشەممە ٧ی گوڵانی ١٤٠٤ (٢٧ی ئاوریلی ٢٠٢٥) ئەم بەندکراوە دوای ئەوەی بە مەبەستی وەرگرتنی دووبارەی مۆڵەتی پشووی کاتی لەگەڵ دادیارێکی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی کرماشان بە ناوی «عەینی» دیداری کرد، کەوتە بەر بێڕێزی و سووکایەتیی ئەم دادوەرەوە. هەر بۆیە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر بێڕێزیکردنی ئەم دادیارە و ڕاگرتنی ڕەوتی پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیدا، بە هەڵدانی دەیان حەب هەوڵی خۆکوشتنی دا و گیانی لە دەست دا.

تەرمی ئەم بەندکراوە دوای گواستنەوە بۆ پزیشکیی دادی کرماشان ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

حامید گەراوەند، ٣٤ ساڵان و خەڵکی گوندی «سەرتەرهان»ی کووهدەشت، چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و سزای ٢٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم سزایە لە دیوانی باڵای ئێراندا گۆڕدرا بۆ ١٣ ساڵ بەندکران و پاش ئەوەی داوای گواستنەوەی کرد، ڕەوانەی زیندانی قەیماسی مایدەشتی کرماشان کرا. ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی بەندکراندا چەندین جار مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا بەڵام لە ماوەیەک لەمەوپێشەوە پێدانی ئەم مۆڵەتە بە هۆکاری نادیار ڕاگیرابوو.

* ئەگەر بیر لە خۆکوشتن دەکەنەوە، لە ئێراندا پێوەندی بە ژمارەتەلەفۆنی ١٢٣ی ئورژانسی کۆمەڵایەتییەوە بکەن و لە دەرفەتی ڕاوێژ و یارمەتیی تایبەتمەند بەهرەمەند بن.