سەرەڕای ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندیکردنی زیندانی ناوەندیی یەزد و داواکاری گشتیی ئەم شارە بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی بە زیندانیی سیاسیی کورد خالید زەمانی و دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران ڕێگری لە پێدانی ئەو مۆڵەتە کردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە بە هۆی دژایەتیکردن و ڕێگریکردنی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە تا ئێستا لە مافی ئازادیی مەرجدار و مۆڵەتی پشووی کاتی بێبەش بووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، خالید زەمانی کە حەڤدەیەم ساڵی بەندکران لە سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی یەزددا تێدەپەڕێنێت، لە چەند مانگی ڕابردوودا و دوای ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندیکردنی زیندان و داواکاری گشتیی یەزد بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی و دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی لە لایەن بنەماڵەکەیەوە، بە هۆی ڕێگریکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە ئەم مافەی لێ زەوت کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتریش سەرەڕای تێپەڕاندنی زیاتر لە نیوەی کۆی ماوەی سزاکەی، هەر بە هۆی دژایەتیکردن و ڕێگریکردنی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە لە مافی ئازادیی مەرجداریش بێبەش کرابوو.

خالید (سادق) زەمانی ڕۆژی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٧ (٣٠ی ژوەنی ٢٠٠٨) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری خۆی دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین حەفتە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەدا خرایە بەر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و دەروونییەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ماوەیەک لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی خۆیەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەورۆزی بە تۆمەتی «موحارەبە» لە رێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای «بڕینەوەی دەستی چەپ و قاچی ڕاست»ی بەسەردا سەپا.

دوای تانەدانی خالید زەمانی لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لەوێ هەڵوەشایەوە و ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ماوەیەک لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە سزای ٣٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزدی بەسەردا سەپا.

دوای پەسەندکرانی حوکمەکە، خالید زەمانی لە ڕێکەوتی ٣٠ی سەرماوەزی ١٣٨٨دا (١ی دیسامبەری ٢٠٠٩) لە زیندانی خۆیەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی یەزد.

پارێزەری ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە پشتبەستن بە مادەیەکی نوێی یاسای سزادانی ئیسلامی داوای سەرلەنوێ دادگاییکردنەوەی پێشکەش کردبوو، بەڵام ئەم داواکارییە لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کرایەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە یەکێکە لە هاودۆسیەکانی زیندانیی سیاسیی کورد فەسیح یاسەمەنی کە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٣٨٨ (٨ی ژانڤییەی ٢٠١٠) لە زیندانی خۆی لە سێدارە درا.