وەحید چاوەران، ناسر ڕەزایی و محەممەدحسەین حاسڵی کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی «ژن، ژیان، ئازادی»دا دەستبەسەر کرابوون و سزای ١٢ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپابوو، بۆ زیندانەکانی زاهیدان، کرمان و وەکیلئابادی مەشهەد دوور خرانەوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم سێ زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی گوڵانی ١٤٠٤ (٤ی مەیی ٢٠٢٥) بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و بە شێوەی نهێنی لە زیندانی ناوەندیی ئیلامەوە ڕەوانەی ئەو زیندانانە کراون.

ڕۆژی ڕابردوو هاوبەندییەکیان تەلەفۆنی بۆ بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسیانە کردووە و هەواڵی دوورخستنەوەیانی پێ ڕاگەیاندوون.

ئەم هاووڵاتیانە ڕۆژی ١٨ی بەفرانباری ١٤٠٢ (٨ی ژانڤییەی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئیلامەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەجەب محەممەدی، بە هەندێ تۆمەتی وەک «موحارەبە» و «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» هەرکامە سزای ١٢ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەیان بەسەردا سەپا. ئەو بڕیارە لە ڕێبەندانی هەمان ساڵدا (فێبرییەی ٢٠٢٤) لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرا.

 ئەم سێ زیندانییە سیاسییە پێشتر لە رۆژی ١٣ی خەرمانانی ١٤٠٢دا (٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست بەردەوامیی دەستبەسەربوونیان لە دەستبەسەرگەی کاتیی ئیلامدا مانیان لە خواردن گرتبوو و لە دووەم ڕۆژی مانگرتنەکەدا لێوەکانیشیان دووریبووەوە.

وەحید چاوەران، شاخەوانی خەڵکی ئاودانان، ڕۆژی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٢) لە کاتی چوونەدەرەوە لە ئێران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئیلام.

ناسر ڕەزایی کە ئەویش خەڵکی شاری ئاودانانە، ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (١٣ی جولایی ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای دێلوڕان دەستبەسەر کرا. ئەم هاووڵاتییە پێشتریش لە ڕێکەوتی ١ی جۆزەردانی هەمان ساڵدا (٢٢ی مەیی ٢٠٢٢) بۆ ماوەیەک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

محەممەدحسەین حاسڵی، خەڵکی شارۆچکەی «سەراوباخ»ی ئاودانانیش ڕۆژی ٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (٢٦ی جولایی ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.