وریشە مورادی، زیندانیی سیاسیی کوردی سزادراو بە لەسێدارەدان کە گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی جیاوازی وەک هەڵدڕانی دیسکی مل و تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە بووە، تا ئێستایش لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (مارسی ٢٠٢٤) لە لایەن پزیشکی پسپۆڕی مێشک و دەمارەوە پشکنینی بۆ کراوە و سەرەڕای ڕاسپاردە و جەختکردنی ئەم پزیشکە و هەروەها بەرپرسانی نەخۆشخانەی زیندانی ئێڤین بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی زیندان ئامادە نین ڕەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی بکەن.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە چەند مانگی ڕابردوودا سەرەڕای توندتربوونەوەی نەخۆشییەکەی تووشی سڕبوون و ئازاری بەردەوام لە دەستی ڕاستیدا بووە. وریشە کە پێشتریش بە هۆی مانگرتنی ٢٠ ڕۆژەوە تووشی کێشەی کۆئەندامی هەرس بووبوو، بۆ ماوەی چەند مانگ لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کرابوو و دوای زەخت و گوشاری دامەزراوە جیهانییەکان، نزیکەی ٢ مانگ لەمەوپێش ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرا و پاش پشکنینی پزیشکی پرۆسەی دەرمان و وەرگرتنی چارەسەر دەستی پێ کردووە.

وریشە مورادی، خەڵکی سنە و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠٢ (١ی ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای ڕاپەڕاندنی ئەرکە سیاسی و ڕێکخراوەییەکانی لە شاری کرماشان و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ سنە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە دەروازەی ئەم شارەدا بە دەسڕێژ و تەندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا. ئەم ئەندامەی کەژار لە ١٣ ڕۆژی سەرەتادا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بوو و پاشان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. وریشە مورادی بە درێژایی ئەو چەند مانگە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە ژێر گوشار و هەڕەشەوە و لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٤٠٢دا (٢٦ی دیسامبەری ٢٠٢٣) دوای ٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا گوازرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی ڕووبەڕوبوونەوەی سزای لەسێدارەداندا و وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر سەپاندن و جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە زیندانی ئێڤینی تاران مانی لە خواردن گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای کۆتاییهێنان بە مانگرتنەکە بە هۆی کێشەی کۆئەندامی هەرسەوە کە دوای ئەو مانگرتنە تووشی بووە، ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرا و دوای شەوێک مانەوە لە نەخۆشخانەدا گەڕێنرایەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئێڤین.

دانیشتنەکانی دادگاییکردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی ٢٧ی جۆزەردان و ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٣ (١٦ی ژوەن و ٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لە لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزان (١٠ی نۆڤامبەر) بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە. لە دانیشتنەکانی دادگادا مۆڵەتی بەرگریکردن بە وریشە مورادی نەدرا و تەنانەت پارێزەرەکانیشی ئەو مۆڵەتەیان پێ نەدرا. هەروەها پارێزەرەکانی کە پێشتر مۆڵەتی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان پێ نەدرابوو، دوای کۆتاییهاتنی دووهەم دانیشتنی دادگا تەنها بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک توانیبوویان دۆسیەی پارێزوانەکەیان بخوێننەوە.

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی لە کاتێکدایە کە پێشتر لە سزانامەی سەرەتادا داوای جێبەجێکردنی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامیی بۆ کرابوو کە دوایین سزاکەی ١٥ ساڵ بەندکرانە، بەڵام دادوەر سەڵەواتی لە پرۆسەیەکی نایاساییدا و بەپێی مادەی ٢٨٧ی هەمان یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەزبەری ١٤٠٣دا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) لەگەڵ چەندین ژنەزیندانیی سیاسیی دیکەی بەندی ژنانی زیندانی ئێڤیندا لە لایەن دادگای کەیفەریی دووی کۆمەڵگەی دادوەریی قودسی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبولفەزل عامیری، بە تۆمەتی «تێکدانی ئارامیی زیندان» سزای ٦ مانگ بەندکرانیشی بەسەردا سەپا.

لەدوای ئەوەی پارێزەرەکانی تانەیان لە سزای داسەپاوی لەسێدارەدان دا، دۆسیەکە بۆ تێهەڵچوونەوە نێردراوەتە بەردەم لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران و وا بڕیارە لەم لقەی دیواندا لێکۆڵینەوەی بۆ بکرێت.