قادر خەرامانفەر، چالاکی مەدەنیی خەڵکی مەهاباد کە لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە (دیسامبەری ٢٠٢٤) دەستبەسەر کراوە، گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی وەک گیرانی دەمارەکانی دڵ، جگەری چەور، بەرزبوونی جیدیی زەختی خوێن و ئارترۆزی ئەژنۆیە و لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زیندانی مەهابادەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە کراوە، بەڵام بەبێ وەرگرتنی چارەسەری پێویست گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، سەرەڕای تێپەڕینی شەش مانگ لە دەستبەسەرکردنی ئەم چالاکە مەدەنییە، بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعات و داواکاریی گشتیی مەهابادەوە و بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە هەر لە زیندانی ئەم شارەدا ڕاگیراوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان و پزیشکی تایبەتمەندیش ڕایانگەیاندووە کە قادر خەرامانفەر لە دۆخێکی ناجێگیردایە و داوایان کردووە لە ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زینداندا بخەوێنرێت و بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشکییەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە ٦٠ ساڵەیە ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٩ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە کراوە و بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە لایەن پزیشکی تایبەتمەندەوە پشکنینی بۆ کراوە، بەڵام سەرەڕای ڕاسپاردەی ئەو پزیشکە بۆ خەواندن و دەستپێکردنی قۆناغەکانی دەرمان، تەنها بە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری سادە گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو زیندانی مەهاباد.

قادر خەرامانفەر ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە شەپۆلی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا لە ماڵەکەی خۆی لە مەهاباد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای دوو مانگ مانەوە لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٤ی فێبرییەی ٢٠٢٥) هاجەر ئامیای هاوژینیشی بە تەلەفۆن بانگهێشت کرا بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خرایە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە.

لێپرسەوە ئەمنییەکان هەڕەشەیان لێ کردبوو کە خۆی و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەیشی دەستبەسەر دەکەن، هەر لەوێ بە مۆبایلەکەی خۆی پێوەندییان بە منداڵەکانیشیەوە کردبوو و هەڕەشەیان لێ کردبوون ئەگەر بێت و دایکیان درێژە بە چالاکییەکانی بدات هەرهەموویان دەستبەسەر دەکرێن.

قادر خەرامانفەر لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە و کوڕێکیشی بە ناوی ئارام خەرامانفەر چەند ساڵێک لەمەوپێش و هەر لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر بنەماڵەکەی، لە زانکۆی مەراغە دەر کرا.