موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی بانە کە دوای بۆردومانکردنی زیندانی ئێڤین لە لایەن ئیسراییلەوە لە ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٤دا (٢٣ی ژوەن) گوازرایەوە بۆ زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە)، بە هۆی بێبەشکردنەوە لە وەرگرتنی دەواودەرمان و چارەسەرە پێویستەکان لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپ و ناجێگیردایە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە کە ئێستە پازدەهەم ساڵی بەندکران تێ دەپەڕێنێت، تووشی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆری وەک شێرپەنجەی ڕژێنەی دوانزەگرێ، فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە و هەوکردنی بۆریی میز بووە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانە و بۆچوونی فەرمیی پزیشکیی دادیش لەمەڕ پێویستبوونی ڕاگرتنی پرۆسەی جێبەجێکردنی سزاکەی بە هۆی دۆخی تەندروستیی زۆرخراپیەوە، بەرپرسانی زیندانی تارانی گەورە (فەشافوویە) تا ئێستا ڕێگرییان کردووە لە پێدانی ئەو چارەسەرانەی لە دەرمانخانەی دەرەوەی زیندانەوە بۆی دابین کراوە.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا خزمەکانی لانیکەم چوار جار بە مەبەستی ڕادەستکردنی دەواودەرمانەکان سەردانی زیندانەکەیان کردووە، بەڵام هەموو جار ڕووبەڕووی ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندان بوونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە پزیشکی نەخۆشخانەکەی زیندانیش ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی موتەلیبی پشتڕاست کردووەتەوە و جەختی کردووەتەوە لەسەر زەروورەتی پێدانی خێرای چارەسەرەکان و وتوویەتی لە هۆکاری نەدانی ئەو چارەسەرانە هیچ زانیارییەکم نییە.
پێنەدانی چارەسەرەکان بووەتە هۆی خراپتربوونی باری جەستەیی ئەم زیندانییە سیاسییە، لەوانە هەڵگەڕانەوەی ڕێفلێکسی مەعیدە، گەورەبوونەوەی ڕیخۆڵەکان و بێتوانایی لە خواردندا.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٥ی گوڵانی ١٤٠٤دا (٥ی مەیی ٢٠٢٥) ئەم زیندانییە سیاسییە لە پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانەدا دژ بە ڕەتکردنەوەی داوای ڕاگرتنی ڕەوتی جێبەجێکردنی سزاکەی لە لایەن داواکاری گشتیی تارانەوە و هەروەها بێبەشکردنی لە دەرمان و چارەسەری پزیشکی، مانی لە خواردن گرتبوو.
موتەلیب ئەحمەدیان لەگەڵ ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکانی تردا لە بەندی ٤ی زیندانی ئێڤینەوە گوازراوەتەوە بۆ هۆڵەکانی ٥ تا ٩ی بەندی ٢ی زیندانی تارانی گەورە و لە دۆخێکی زۆر خراپدا ڕاگیراون.
بێبەشکردن لە دەرمان؛ تەندروستیی خراپی موتەلیب ئەحمەدیان
موتەلیب ئەحمەدیان، زیندانیی سیاسیی کوردی توشبوو بە شێرپەنجەی ڕژێنەی دوانزەگرێ، فتقی دیافراگم (Diaphragmatic hernia)، تەنگبوونەوەی کەناڵی مرۆخە و هەوکردنی بۆرییەکانی میز، کێشی زیاتر لە ٣٥ کیلۆ دابەزیوە و ئێستە لە دۆخێکی تەندروستی و جەستەیی هێندە خراپدایە کە بووەتە مایەی نیگەرانییەکی قووڵ.
ئەگەرچی لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا (ژوەنی ٢٠٢٤) ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیی دەرەوەی زیندان کرا، بەڵام بەبێ تەواوکردنی پرۆسەی دەرمان زۆرزوو گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.
ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتریش لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨دا (ژانڤیەی ٢٠٢٠) بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک ڕایگەیاندبوو کە بە هۆی بێبەشکرانەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە دۆخێکی تەندروستیی زۆر خراپدایە. ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای ئاماژەدان بە ئیلتیهابی کۆئەندامی زاوزێ و شکانی سێ مۆرەی بڕبڕەی پشتی لەژێر ئەشکەنجەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدا، وتبووی کە هۆکاری خراپتربوونی دۆخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە کاتی خۆیدا و نووسیبووی:
«بە داخەوە زیندان ئامادە نییە پێش و پاش نەشتەرگەری تێچووەکانی دەرمان دابین بکات، بەپێی پێڕەوی ناوخۆی ڕێکخراوەی زیندانەکانی ئێران کۆی تێچووی دەرمانکردنی بەندکراوان لە ئەستۆی خودی ئەو ڕێکخراوەیەدایە، بەڵام من خۆم کۆی تێچووەکانم دابین کردووە و لەبەر ئەوەی توانای دابینکردنی پارەی زیاترم نەبوو بە ناچار وازم لە درێژەدانی پرۆسەی دەرمان هێنا».
موتەلیب ئەحمەدیان، لەدایکبووی ١٣٦٢ (١٩٨٣)ی بانە، ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩ (٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٠) دەستبەسەر کرا و دوای ٨ مانگ مانەوە لە دۆخی سەختی ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە و لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەییدا، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە کۆمەڵەدا سزای ٣٠ ساڵ بەندکران لەگەڵ دوورخستنەوەدا بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.
هەروەها لە دوو دۆسیەی دیکەیشدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانەوە» سزای یەک میلیۆن ڕیال غەرامە و ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» سزای ٩ ساڵ بەندکران و پێبژاردنی نیوەی دیەیەکی تەواو و ٢٠ میلیۆن تمەن پارەی بەسەردا سەپاوە.
موتەلیب ئەحمەدیان لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە زیندانەکانی سەقز، سنە، ڕەجایی شار و ئێڤیندا بووە.