سەرەڕای تێپەڕینی هەشت مانگ لە جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکرانی ژینا مودەڕیس گورجی، ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە تا ئێستایش هەر لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە (چاکسازیی ژنان) ڕاگیراوە و بە درێژایی ئەم ماوەیە تەنها یەک جار مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ دراوە.
ئەم ژنە چالاکە پێشتریش لە ماوەی دوو جار دەستبەسەرکردن لە خەرمانانی ١٤٠١ و خاکەلێوەی ١٤٠٢دا (سێپتامبەری ٢٠٢٢ و ئاپریلی ٢٠٢٣) بە گشتی ماوەی چوار مانگی لە زینداندا تێ پەڕاندووە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، زیندانی ژنان کە لە شوێنی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت (چاکسازیی منداڵان)ی ئەم شارەدا هەڵکەوتووە، بەندی تایبەت بە زینانیانی سیاسیی و هەندێ پێداویستیی تایبەتی وەک کارگە، هۆڵی وەرزش و بەرنامەی چاکسازیی نییە. ژنانی زیندانیی ناو ئەم زیندانە بۆ پێوەندیی تەلەفۆنی و بەکارهێنانی حەوشە (هەواخۆری) ڕووبەڕووی ئاستەنگ و سنووری زۆر دەبنەوە و دیدارەکانیان لەگەڵ بنەماڵەکانیشیاندا بە شێوەی حەفتەیەک دیداری کابینی و لە پشت شووشەوە و حەفتەیەکیش دیداری ڕووبەڕووە.
لەم نێوانەدا ژنە زیندانییە سیاسییەکان بەراورد بە بەندکراوانی تر ڕووبەڕووی ئاستەنگ و کۆنترۆڵی زیاتر دەبنەوە، لەوانە کۆنترۆڵکردنی پێوەندییە تەلەفۆنییەکانیان و قەدەغەبوونی بردنەناوەوەی هەندێ کتێبی ڕێگەپێدراوی فەرمی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.
لە ئێستەدا هەردوو ژنەزیندانیی سیاسیی کورد، ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و سروە پوورمحەممەدی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی نۆژین، لەم زیندانەدان. لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا چەند هاووڵاتی و چالاکوانێکی ژنی دیکەیش لە پارێزگای کوردستاندا بە تۆمەتی سیاسی دەستبەسەر کراون و یەکێکیان بە ناوی هەستی لوتفی براوەتە ئەم زیندانە.
ژینا مودەڕیس گورجی ڕۆژی ١٢ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٣ (٢ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ١٦ مانگ بەندکران چووە بەردەم نووسینگەی جێبەجێکردنی سزاکانی دادگای سنە و لەوێوە ڕەوانەی زیندانی ژنانی ئەم شارە کرا. هاوکات ژمارەیەک لە چالاکانی ژنیش تا بەردەم دادگا ڕەوانەیان کرد.
ئەم نووسەرە کوردە سەرلەبەیانیی هەمان ڕۆژ لە لاپەڕەکەی خۆی لە ئینستاگرامدا نووسیبووی: «ئەمڕۆ دەڕۆمە زیندانێک کە پەراوێزەکان و هەڵاواردنەکان تێیدا سێ هێندەیە؛ زیندانی ژنانی سنە. پەراوێز و هەڵاواردنی ڕەگەز، چین و نەتەوە. بەمەشەوە کاتێک کەلوپەلەکەم بۆ زیندان ئامادە دەکرد، زیاتر لە هەمووشت هیوام لە جانتاکەمدا هەڵگرت. من بە هیواوە دەڕۆمە زیندان».
دوای مانگێک و لە سەرماوەزی ١٤٠٣دا (دیسامبەری ٢٠٢٤) جارێکی تر لە بەردەم دادگای کەیفەریی سنەدا دادگایی کرا، ئەم جارە بە تۆمەتی «بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ». بەڵام دواجار دادگا بەو ئەنجامە گەیشت کە ئەو تۆمەتانە هەمان ئەو شتانەن کە پێشتر لەسەریان سزا دراوە، هەر بۆیە دۆسیەکە داخرا.
سەرەڕای هەموو داواکارییە بەردەوامەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە مانگەکانی ڕابردوودا بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پشووی کاتی، تەنها یەک جار داواکارییەکەی قبووڵ کرا و لە گوڵانی ١٤٠٤دا (مەیی ٢٠٢٥) بۆ ماوەی دوو حەفتە مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا. هەروەها داوایەکی دیکەیشی بۆ ئازادبوون بە پێبەندی ئەلەکترۆنییەوە بە هۆی ڕێگریکردنی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕەت کرایەوە. ئەمەیش لە کاتێکدا کە بە ژماردنی چوار مانگ بەندکرانی پێشوویەوە لە قۆناغی دەستبەسەربووندا، تا ئێستا بە گشتی ساڵێک لە کۆی ماوەی سزاکەی تێ پەڕاندووە.
هاوکات تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە لەم مانگانەی دوایی و لە کاتێکدا کە ژینا مودەڕیس گورجی ماوەی سزاکەی لە زینداندا تێ دەپەڕاند، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە لە هەندێ کۆڕ و کۆمەڵی تایبەتدا و بە مەبەستی شێواندنی وێنەی ژمارەیەک لە زیندانیانی سیاسی و چالاکانی کورد، لانیکەم دوو جار دۆکیۆمێنتارییەکی نیشانی کۆمەڵەکەسانێک داوە. لە هەندێ بەشی ئەم فیلمە دۆکیۆمێنتارییەدا بە دیاریکراوی کۆمەڵەتۆمەتێک ئاڕاستەی ژینا کراوە.
پێشینەی دەستبەسەرکردن و سزادان
ژینا مودەڕیس گورجی، ڕۆژنامەوان و لە چالاکانی ناسراوی بزاڤی ژنانی کوردستان و ئێران، یەکەم جار لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شەقامێکی سنەدا بە شێوەیەکی توندوتیژ دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندی ژنانی زیندانی سنە، لە ڕێکەوتی ١٠ی گەڵاڕێزاندا (١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. دواتر تۆمەتی دیکەی ڕووبەڕوو کرایەوە و هەر بۆیە ڕێژەی بارمتەکە بەرز کرایەوە بۆ یەک میلیارد تمەن.
ئەم ژنەچالاکە کوردە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٢ (١٠ی ئاوریل) بۆ دووهەم جار لەدوای سەرهەڵدانی سەرانسەریی دژ بە کوشتنی ژینا ئەمینییەوە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٨٤ ڕۆژ لە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٣ی جولایی ٢٠٢٣) بە بارمتەی قورسی ٥ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی سنە ئازاد کرا. ژینا یەکەم مانگی دەستبەسەربوونی لە ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانە و لە دۆخێکی دژواردا تێپەڕاندبوو.
ژینا مودەڕیس گورجی لە مەودای نێوان هەردوو جاری دەستبەسەرکردندا بە شێوەی بەردەوام لەژێر گوشار و چاودێریی دامودەزگا ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریدا بوو. هەروەها خاکەلێوەی ١٤٠٣دا (ئاوریلی ٢٠٢٤) کتێبفرۆشیی «ژیرا» بە سەرپەرشتیی ژینا مودەڕیس گورجی، لە لایەن ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنە گشتییەکانی سنەوە (ئەماکن) بە بیانووی «ڕەچاونەکردنی حیجابی ئیسلامی» بۆ ماوەی چەند ڕۆژ داخرا.
یەکەم کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنە چالاکە لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (١٢ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەکبەری، دووهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٣ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) و سێهەم کۆبوونەوە ڕۆژی ٢١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ (٩ی ئاوریلی ٢٠٢٤) لە هەمان دادگا و بە سەرۆکایەتیی دادوەر کەرەمی بەڕێوە چوو.
لە جۆزەردانی ١٤٠٣دا (مەیی ٢٠٢٤)، ژینا مودەڕیس گورجی لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت» سزای ١٠ ساڵ بەندکران، «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» سزای ١٠ ساڵ بەندکران و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەپێی بڕیارەکە، «دامەزراندنی ئەنجومەنی ژیوانۆ بە ئایدیۆلۆژیای فێمێنیستییەوە بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت»، «بەشداریکردنی مەبەستدار لە کۆبوونەوەدا و وتنەوەی دروشمی دژەباو و ڕووخێنەرانە»، «پێوەندیی بەردەوام لەگەڵ کەسانی دژەشۆڕشدا»، «بەشداریکردن لە کۆنفرانس و وۆرکشۆپی فێرکاریی نێودەوڵەتیدا»، «بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و وتووێژکردن لەگەڵ میدیاکانی دەرەوەی ئێراندا بە مەبەستی ڕەشکردنی بارودۆخی ئێران و تێکدانی فەزای کۆمەڵگا لە قۆناغی هەستیاری دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینیدا» وەک نموونە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان ڕاگەیەنرابوو.
دادگای شۆڕشی ئیسلامی بۆ ڕووبەڕووکردنەوەی ئەو تۆمەتانە و تاوانبارکردنی ژینا مودەڕیس گورجی، پشتی بە ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەستبوو. ئەم دادگایە هەروەها ڕایگەیاندبوو کە بەندکردنی ئەم چالاکەی مافەکانی ژنان لە زیندانی سنەدا بە هۆی «ئەگەری چالاکیی تێکدەرانەی ئەمنی» وەکوو «خراپەکاریی ئەمنی» وایە و بەپێی مادەی ٥١٣ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، بڕیاری دابوو کە سزاکە لە زیندانی هەمەداندا جێبەجێ بکرێت.
ئەم بڕیارە دواتر لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای کوردستاندا تێهەڵچوونەوەی بۆ کرا و دواجار گۆڕدرا بۆ ٢٨ مانگ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی هەمەدانیش هەڵوەشایەوە. بەپێی حوکمەکەی دادگای پیاچوونەوە، تۆمەتی «هاوکاریکردن لەگەڵ دەوڵەتانی دژبەردا» لەسەر ئەم چالاکە مەدەنییە لابرا و بۆ هەردوو تۆمەتی «پێکهێنانی گرووپ و دەستەی نایاسایی بە مەبەستی ڕووخاندنی حکومەت» و «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» بە ڕیز سزای ١٦ مانگ و ١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، قورسترین سزاکە واتە ١٦ مانگ بەندکران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.