عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، زیندانیی سیاسیی کورد، دوای قبووڵکردنی داواکارییەکەی بۆ هەڵپەساردنی سزاکەی و پاش تێپەڕاندنی زیاتر لە چوار ساڵ بەندکران، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی تێ دەپەڕاند، پاش ئەوەی شۆرای زیندان و داواکاریی گشتیی ورمێ داواکارییەکەیان بۆ هەڵپەساردنی سزاکەی قبووڵ کرد، لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە زیندان ئازاد کراوە.
پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠٣دا (٣٠ی نۆڤامبەری ٢٠٢٤) ئەم زیندانییە سیاسییە وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرانبەر ڕەتکردنەوەی داوای هەڵپەساردنی سزاکەیدا لە لایەن جێگری داواکاری گشتییەوە، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مانی لە خواردن گرتبوو. هەروەها لە ڕێکەوتی ٤ی گوڵانی ١٤٠٣دا (٢٤ی ئاوریلی ٢٠٢٤) بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست ڕێگریکردنی بەرپرسانی زیندانی ورمێدا لە پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی، لە ڕێگای هەڵدانی دەوا و دەرمانەوە هەوڵی خۆکوشتنی دابوو.
عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی پێش لەمانەیش لە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٢دا (١٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیدا، مانگرتنی وشک لە خواردنی ڕاگەیاندبوو. پێنج ڕۆژی یەکەمی مانگرتنەکەی ئەم زیندانییە سیاسییە مانگرتنی وشک بوو، بەڵام دوای گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکەی زیندان و بەڵێنی بەرپرسانی زیندان بۆ بەدواداچوونی داواکارییەکانی، بە وەرگرتنی کانوولە (سیرۆم) کۆتایی بە مانگرتنە وشکەکەی هێنا، بەڵام هاوکات ڕایگەیاند کە تا داواکارییەکەی بۆ پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتی جێبەجێ نەکرێت درێژە بە مانگرتنی تەڕ دەدات. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای نزیکەی ٤٠ ڕۆژ و لەسەر بەڵێنی هاوکاریکردنی بەرپرسانی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا و دوای چەند حەفتەیەک بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ درا.
عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی کە خەڵکی ورمێیە و ٥٤ ساڵی تەمەنە، لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا (٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بە بۆنەی دۆسیەیەکی ناسیاسییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا بوو، لەم زیندانەوە گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی کامران قاسمی، ئومید سەعیدی، نایب (مەسعوود) حاجیزادە و کەیوان ڕەشۆزادە کە ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨ (٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرابوون، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا» بۆ ماوەی دوو مانگ لەو دەستبەسەرگە ئەمنییەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا بوو کە عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی پێشتر هیچ پێوەندییەکی لەگەڵ ئەم کەسانەدا نەبوبوو.
دادگای ئەم هاووڵاتیانە دوای ساڵێک مانەوە لە دۆخی هەڵپەسێردراویدا، سەرماوەزی ١٣٩٩ (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە کۆمەڵەدا، سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانیان بەسەردا سەپا. دوای تانەدانی عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی لەو حوکمە، پاش ماوەیەک سزاکەی لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی ڕۆژی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٩ (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢١) دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگا بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا و دوای ٧ مانگ لە گەلاوێژی ١٤٠٠دا (ئاگۆستی ٢٠٢١) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرایەوە.