بەرپرسانی زیندانەکانی قەرچەکی وەرامین و ئێڤینی تاران، چوار زیندانیی سیاسیی کوردی هاووڵاتیی تورکیایان بە ناوەکانی ڕۆژدا سەعدوون، سەفیە تورسو، فەسیح کاراتاش و مەزڵووم ئارلی بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە ئەگەر بەڵێننامەیەک بۆ ڕادەستکردنی منداڵەکانیان بە بنەماڵەکانیان واژۆ نەکەن، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا منداڵەکانیان ڕادەستی ڕێکخراوەی «بێهزیستی»ی ئێران دەکرێن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرپرسانی زیندانەکانی قەرچەک و ئێڤین ئەم زیندانییە سیاسیانەیان بانگهێشت کردووە و ئاگاداریان کردوونەتەوە کە بەپێی ڕێوشوێنەکانی بەندیخانە، منداڵ تەنها تا تەمەنی دوو ساڵ دەتوانێت لە لای دایکی لە زینداندا بمێنێتەوە و ئێستە کە منداڵەکانی ئەوان بوونەتە سێ ساڵ، یان دەبێ بنەماڵەکانیان لە تورکیاوە بێن و وەریان بگرن یاخود ڕادەستی ڕێکخراوەی «بێهزیستی»ی ئێران بکرێن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بنەماڵەی ئەم زیندانیانە کە لە تورکیا دەژین، لە کاتی دەستبەسەرکردنی منداڵەکانیانەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە سەردانی ئێران بکەن و دیداریان لەگەڵ بکەن.
ڕۆژدا سەعدوون و سەفیە تورسو لەگەڵ هاوسەرەکانیان، مەزڵووم ئارلی و فەسیح کاراتاش، هەروەها دوو منداڵە بچووکەکانیان، پێشتر وەکوو پەناخوازی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەژیان. ئەم دو بنەماڵەیە ڕۆژی ٣ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (٢٤ی جولایی ٢٠٢٤) لە ڕێگای کۆچبەری بۆ ئەرمەنستاندا، لە شاری تەورێزی ئێران دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان. ئەوان دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان سەرەتا ڕەوانەی زیندانی سنە کران و پاشان لە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٤٠٣دا (٢٦ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) گوازرانەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران.
ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە کە هەڵگری ڕەگەزنامەی تورکیان، لە جۆزەردانی ئەمساڵدا (مەیی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» هەرکامە سزای پێنج ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپا.
لە ئێستەدا ڕۆژدا سەعدوون و سەفیە تورسو لەگەڵ هەردوو منداڵە سێ ساڵانەکانیان لە بەندی دایکانی زیندانی قەرچەکی وەرامیندا ڕاگیراون و مەزڵووم ئارلی و فەسیح کاراتاشیش لە زیندانی ئێڤینی تاراندان.