ئەشکان فەهیم، نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد کە لە ڕەزبەری ١٤٠٢ەوە (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە زیندانی ئەم شارەدایە، سەرباری ئەوەی گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی وەک کێشەی دڵ، سەرئێشەی قورس و ئالێرژیی پێستییە، بە هۆی ڕێگریکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و مۆڵەتی پشووی دەرمانی بێبەش کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەشکان فەهیم لە هاوینی ١٤٠٣دا (٢٠٢٤) بۆ ماوەی نزیک بە ٣ مانگ بە ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان گوازرایەوە بۆ بەشی کارکردنی زیندان و هەموو حەفتەیەک چەند ڕۆژێک مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ دەدرا، بەڵام لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردووەوە (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤) بە هۆکاری نادیار سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ ناو زیندان. ئەم زیندانییە سیاسییە لە نزیکەی ١١ مانگ لەمەوپێشەوە سەرەڕای گیرۆدەبوون بە چەندین نەخۆشی، لەوانە نەخۆشیی پێست کە لە زیندان تووشی بووە و هەروەها توندبوونەوەی نەخۆشیی پێشوو و سەرئێشەی قورس، لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و مۆڵەتی پشووی دەرمانی بێبەش کراوە.
ئەشکان فەهیم، نووسەر و چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی مەهاباد، بەرەبەیانی ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٢ (١٤ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەهاباد و مەریوان، دوای هێرشکردنی دەیان چەکداری دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵەکەی لە نزیک مەیدانی ئیستیقلالی مەهاباد دەستبەسەر کرا. هێزە سەربازی-ئەمنییەکان سەرەتا دەرگا و پەنجەرەکانی ماڵەکەیان شکاندبوو و پاشان لەوپەڕی توندوتیژیدا بەر ببوونە گیانی ئەو کەسانە و لە حاڵێکدا کە برینداریان کردبوون و خوێنیان لێ دەچوو، هەموویان دەستبەسەر کردن. بە جۆرێک کە ئەشکان لە ئەنجامی لێداندا بە قونداغی تفەنگ خوێنی لەبەر دەچوو.
ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ ماوەی مانگێک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداراندا لە سەربازگەی ئەلمەهدیی ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر ئەشکەنجەی قورسەوە و ڕۆژی ٢٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.
ئەشکان فەهیم لە سەرماوەزی ١٤٠٢دا (دیسامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر دووستی، بە تۆمەتی «پیلانگێڕی بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک) سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ بەندکران و ٢ ساڵ دوورخستنەوە بۆ شاری تەفرەشی پارێزگای مەرکەزیی بەسەردا سەپا. ئەو سزایە دوای پێشکەشکردنی داوای قبووڵکردنی بڕیار و بەپێی یاسا گۆڕدرا بۆ ٣٥ مانگ بەندکران و ٢ ساڵ دوورخستنەوە.