پووریا جەواهێری، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا دوای بانگهێشتکرانی تەلەفۆنی بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کامێران دەستبەسەر کرابوو، دوای ٣ ساڵ بەندکران و ڕاگەیاندنی ئەستۆپاکیی لە هەموو تۆمەتەکان، لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە لە حەفتەکانی ڕابردوودا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای کوردستانەوە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی سوپای پاسداران و «لێدان و بریندارکردنی بەئەنقەست»ی ١٧ ئەندامی هێزە چەکدارەکانی لەسەر لاچوو و ڕۆژی ٢٠ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (١١ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) پاش دەرچوونی بڕیاری ئەستۆپاکی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە پێشتر و لە ڕەشەمەی ١٤٠١دا (مارسی ٢٠٢٣) بێتاوانبوونی لە تۆمەتەکانی «موحارەبە»، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە ڕاگەیەنرابوو.

پووریا جەواهێری ڕۆژی ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١ (٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٢) دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی کامێران دەستبەسەر کرا و لە کۆتایی ڕێبەندانی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) دوای نزیکەی ٢ مانگ و نیو لە دەستبەسەرگەی شەهرامفەڕی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی کامێران. لە کۆتایی خەرمانانی ١٤٠٢یشدا (سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە زیندانی کامێرانەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی سنە کرا.

لە گەلاوێژی ١٤٠٢دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) موستەفا ئەحمەدیان، پارێزەری ئەم هاووڵاتییە، ڕایگەیاند کە دادسەرای گشتی و شۆڕشی کامێران سزانامەی بۆ دەر کردووە و دۆسیەکەی ناردووەتە بەردەم لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە. لە سزانامەکەدا تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای کوشتنی بەئەنقەستی ئەندامێکی هێزە چەکدارەکانەوە، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «لێدان و بریندارکردنی بەئەنقەستی چەند ئەندامێکی هێزە چەکدارەکان»ی ڕووبەڕوو کرابووەوە.

دانیشتنی دادگاییکردنی پووریا جەواهێری ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) بەڕێوە چوو و لە ٢٧ ڕەشەمەی هەمان ساڵدا (١٧ی مارسی ٢٠٢٤) پارێزەرەکەی ڕایگەیاند کە دادگا تۆمەتی «موحارەبە»، «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەتدا» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت»ی لەسەر لابردووە، بەڵام دۆسیەکەی دیکەی بە تۆمەتی «کوشتن»ی ئەندامێکی سوپای پاسداران و بریندارکردنی چەند کەسێکی دیکە لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی پارێزگای کوردستاندا بە کراوەیی مایەوە و ئێستا دوای نزیک بە سێ ساڵ لەم دۆسیەیەیشدا بێتاوان دەر چوو.

ئەم زیندانییە سیاسییە ڕۆژی ١٢ی بەفرانباری ١٤٠٣ (١ی ژانڤییەی ٢٠٢٥) بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرانبەر دۆخی هەڵپەسێردراوی خۆیدا لە زیندانی ناوەندیی سنە مانی لە خواردن گرتبوو.

پووریا جەواهێری لە دانیشتنەکانی دادگادا ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی «شەهرامفەر»ی سوپای پاسداراندا، لەژێر ئەشکەنجەی قورسی جەستەیی و ڕۆحیدا ناچار کراوە ددان بە تاوانباربوونی خۆیدا بنێت.

سەید حسەین حسەینی، سەرۆکی فەرمانگەی داد (دادگوستەری)ی پارێزگای کوردستان، ڕۆژی ٢١ی بەفرانباری ١٤٠١ (١١ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) ڕایگەیاندبوو کە پووریا جەواهێری بە تۆمەتی «موحارەبە» بڕیاری دەستبەسەرکردنی بۆ دەر کراوە و وتبووی: «بۆ ئەم کەسە لە لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای کامێراندا دۆسیەیەک کراوەتەوە و لە بەردەم ئەو لقەی لێپرسینەوەدا ئامادە بووە و ددانی بەوەدا ناوە کە تەقەی لە هێزە چەکدارەکان کردووە و ڕایگەیاندووە کە چەکەکەی لە کەسێکی تر وەرگرتووە و ئەو کەسەیش بە فەرمانی یاسایی دەستبەسەر کراوە». ئەمە لە کاتێکدا بوو کە بە دەیان هاووڵاتیی خەڵکی کامێران بە واژۆکردنی تۆمارێک و هەناردنی بۆ دادگای ئەم شارە شایەتییان دابوو کە لە کاتی کوژرانی ئەندامەکەی سوپادا پووریا جەواهێری لە کۆمپانیایەکی قیر لە گوندی «تیلەکۆ»دا خەریکی کار بووە.

ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەمەی ١٤٠١ (١٣ی مارسی ٢٠٢٣) لەژێر چاودێری و ڕێوشوێنی ئەمنیی تونددا برایە شەقامی ١٢ مەتریی کامێران و لێپرسەوە ئەمنییەکان ناچاریان کرد لە سیناریۆی نواندنەوەی «بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکان و تەقەکردن لە هێزە سەربازی-ئەمنییەکان»دا بەشداری بکات. شایەتحاڵە مەیدانییەکان دەڵێن پووریا کە بە پێبەند و کەلەبچەوە برابووە ئەو شوێنە، سەرەتا ئامادە نەبووە بەشداری لە سیناریۆ ئەمنییەکەدا بکات، بەڵام دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بە چەک هەڕەشەیان لێ کردووە، بە ناچار هاوکاریی کردوون و بەشداریی لە سیناریۆکەدا کردووە.

باوک و دایکی ئەم هاووڵاتییە لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (دیسامبەری ٢٠٢٢) بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک بۆ ڕێکخراوە داکۆکیکارەکان لە مافەکانی مرۆڤ، ڕایانگەیاندبوو کە کوڕەکەیان «بێتاوان»ـە. لە ڕێبەندانی ١٤٠١دا (فێبرییەی ٢٠٢٣) ڕێکخراوەی لێبوردنی نێونەتەوەییش لە بانگەوازێکی بەپەلەدا هۆشداریی دابوو لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای قورس بۆ دەستبەسەرکراوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی و بەتایبەتی ئاماژەی بۆ پووریا جەواهێری کردبوو وەکوو یەک لەو خۆپیشاندەرانەی کە تۆمەتی قورسی ڕووبەڕوو کراوەتەوە.