نادر (شێردڵ) جامەشوورانی، بەندکراوی خەڵکی کرماشان، دوای نزیکەی ٢٠ ساڵ بەندکران، لە زیندانی ناوەندیی کرماشان (دیزڵئاوا) گیانی لە دەست دا. بەرپرسانی زیندان وتوویانە ئەم بەندکراوە بە هۆی جەڵدەوە گیانی لە دەست داوە، بەڵام بنەماڵەکەی ئەو قسانە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن مەرگەکەی گوناماوییە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بنەماڵەی ئەم بەندکراوە ڕۆژی شەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (٢٩ی نۆڤامبەری ٢٠٢٥) بۆ پزیشکیی دادی کرماشان بانگهێشت کراون و لەوێ پێیان ڕاگەیەنراوە کە کوڕەکەیان لە زینداندا جەڵدەی کردووە و گیانی لە دەست داوە.

بنەماڵەی نادر جامەشوورانی وێڕای ڕەتکردنەوەی وتەی بەرپرسانی زیندان و پزیشکیی داد، گومانیان خستووەتە سەر هۆکاری مردنەکەی و ڕایان گەیاندووە کە کوڕەکەیان پێشینەی هیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبووە.

بە وتەی کەسانی نزیک لەم بنەماڵەیە، نادر جامەشوورانی لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار لەگەڵ هێزەکانی گاردی زینداندا تووشی کێشە و دەمەقڕە بووە و لە لایەن ئەو هێزانەوە ئەشکەنجە کراوە، تەنانەت چەند جارێک لە ئەنجامی ئەشکەنجەکاندا بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەیش کراوە.

نادر جامەشوورانی، ٣٩ ساڵان و خەڵکی کرماشان، نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی «دزیکردن» لە زێڕنگەرییەک لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی پۆلیسی ئاگاهییەوە دەستبەسەر کرا. لە دادگادا سەرباری ئەوەی هەرجۆرە بەشداریکردنێکی لەو دزییەدا ڕەت کردەوە، بەڵام بڕیاری بەندکرانی قورس و پێبژاردنەوەی ماڵە دزراوەکەی بۆ دەر چوو.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە زیندانەکانی کرماشان و ورمێ چەندەها حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەندکراوان بە هۆکاری بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی پزیشکی یان درەنگ ڕەوانەکردنیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکان تۆمار کراوە. ئەگەرچی ڕێژەی بەندکراوانی ئەم زیندانانە چەندهێندەی توانای ڕاگرتنی ڕاستەقینەیانە، بەڵام کەلوپەل و توانای نەخۆشخانەکانیان هاوتا نییە بەم قەبارە گەورەیە و هەر بۆیە ناتوانن پێداویستیی تەندروستی و پزیشکیی گونجاو بۆ بەندکراوان دابین بکەن.