سیروان شاولە، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد، دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو و ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٠ی دیسامبەری ٢٠٢٥) بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لەو زیندانەوە ئازاد کراوە.

شایانی ئاماژەیە کە جەلال سەدەفیی هاوسەری ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و لە ئێستەدا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتی و لە دۆخێکی هەڵپەسێردراو هەر لە زیندانی مەهاباددایە. سیروان شاولەیش دوابەدوای دەستبەسەرکردنی هاوسەرەکەی، ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٤ی فێبرییەی ٢٠٢٥) لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت کرابوو و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خرابووە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کرابوو.

دواتر هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) هەڵیانکوتایە سەر ماڵی سیروان شاولە لە شاری مەهاباد و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کرد.