جەلال سەدەفی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهاباد کە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو (دیسامبەری ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند مانگێک گواستبوویانەوە بۆ زیندانی مەهاباد، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کراوە.

جەلال سەدەفی ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتیانی کورددا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە لە شاری ورمێ. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەندین مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرایە بەر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە و چەندین ددانی لەژێر ئەشکەنجەدا شکێنرا.

ئەم هاووڵاتییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا و لە لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» دۆسیەیەکی بۆ کرایەوە.

سیروان شاولەی هاوسەریشی ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزانی ١٤٠٤ (٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و دوای ٤٢ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.