قادر خەرامانفەر، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردووەوە (دیسامبەری ٢٠٢٤) دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٣ی دیسامبەری ٢٠٢٥) ئەم هاووڵاتییە بە دانانی بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کراوە.
دۆسیەی ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» لە لقی یەکەمی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی مەهاباد لە بەردەم لێکۆڵینەوەدایە.
ئەم چالاکوانە کوردە لەم ماوەیەدا گیرۆدەی چەندین نەخۆشیی جیاواز بووبوو، لەوانە گیرانی دەمارەکانی دڵ، جگەری چەور، بەرزیی زەختی خوێن و ئارترۆزی ئەژنۆ، بەڵام لە مافی وەرگرتنی خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کرابوو. ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (١٩ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و تەنها بۆ ماوەی یەک کاتژمێر لە لایەن پزیشکی تایبەتمەندەوە پشکنینی بۆ کرا، بەڵام سەرەڕای ڕاسپاردەی ئەو پزیشکە بۆ خەواندن و دەستپێکردنی قۆناغەکانی دەرمان، تەنها بە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری سادە گەڕێنرایەوە بۆ ناو زیندانی مەهاباد.
قادر خەرامانفەر ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٥ی دیسامبەری ٢٠٢٤) لە شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتیان و چالاکانی کورددا لە ماڵەکەی خۆی لە مەهاباد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە کوردە دوای دوو مانگ مانەوە لەو دەستبەسەرگەیەدا ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کرا.
هەروەها ڕۆژی ١٦ی ڕێبەندانی ١٤٠٣ (٤ی فێبرییەی ٢٠٢٥) هاجەر ئامیای هاوژینیشی بە تەلەفۆن بانگهێشت کرا بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خرایە بەر لێپرسینەوە و هەڕەشەوە.
قادر خەرامانفەر لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسداران و ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت و دەستبەسەر کراوە و کوڕێکیشی بە ناوی ئارام خەرامانفەر چەند ساڵێک لەمەوپێش و هەر لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر بنەماڵەکەی، لە زانکۆی مەراغە دەر کرا.