عەبدولهادی شێخەپوور، بەندکراوی خەڵکی سەردەشت کە سزای ٣ ساڵ بەندکرانەکەی تێ پەڕاندبوو، بە هۆی بێبەشکردنەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی مەهاباد گیانی لە دەست دا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم بەندکراوە ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٥) لە کاتێکدا کە لە دوو ڕۆژ پێشترەوە بە هۆی نەخۆشییەوە توانای جووڵە و بەجێهێشتنی تەختەکەی لە دەست دابوو، بە هۆی پێڕانەگەیشتن و بێبەشکردن لە خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانی لە دەست دا».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا دۆخی تەندروستیی زۆر خراپ بوو، بەڵام بەرپرسانی زیندان هیچ ئاوڕێکیان لێ نەدایەوە و تەنانەت ئامادە نەبوون بیگوێزنەوە بۆ نەخۆشخانەکەی خودی زیندانیش. عەبدولهادی چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی گیانی لە دەست بدات سزای ٣ ساڵەکەی تەواو کردبوو، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار ئازادکردنی دوا خرابوو».
عەبدولهادی شێخەپوور، خەڵکی سەردەشت و باوکی سێ منداڵ، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بۆ دەر چووبوو.
بەرپرسانی زیندانی بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە بە هۆی جەڵدە و وەستانی دڵەوە گیانی لە دەست داوە.
بە هۆی ژمارەی زۆری بەندکراوانەوە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پزیشکی لە نەخۆشخانەی زیندانەکاندا، بەندکراوانی نەخۆش دۆخێکی سەخت دەژین و گواستنەوەیشیان بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندانی هەمیشە ڕووبەڕووی ئاستەنگ و دواکەوتن دەبێتەوە، هەر ئەمەیش وای کردووە لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان بەندکراو بە هۆی بێبەشبوونەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانیان لە دەست بدەن.