وەحید عومەری، بەندکراوی کورد کە بە هۆی دۆسیەیەکی ماڵییەوە لە زیندانی سەڵماس ماوەی سزاکەی تێ دەپەڕاند، بە هۆی بێبەشکردنەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانی لە دەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئەم بەندکراوەی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی سەڵماس کە ماوەیەک لەمەوپێش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دارایی دەستبەسەر کرابوو و لە زیندانی سەڵماس ڕاگیرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥) هەر لەم زیندانەدا جەڵدەی کردووە، بەڵام لە کاتی خۆیدا ڕەوانەی نەخۆشخانە نەکراوە و هەر بۆیە گیانی لە دەست داوە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، بنەماڵەکەی تا ئەمڕۆ ئامادە نەبوون تەرمەکەی وەربگرنەوە و ڕایانگەیاندووە کە وەحید بە هۆی بێبەشکردنەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی گیانی لە دەست داوە و هەر بۆیە دەیانەوێت سکاڵایەک لەسەر بەرپرسانی زیندانەکە تۆمار بکەن.

لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا ئەمە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی بەندکراوانی کوردە بە هۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکییەوە. پێشتر و ڕۆژی ٢٣ی سەرماوەزی ١٤٠٤ (١٤ی دیسامبەری ٢٠٢٥) عەبدولهادی شێخەپوور، بەندکراوی خەڵکی سەردەشت، بە هۆی بێبەشکردنەوە لە خزمەتگوزاریی پزیشکی لە زیندانی مەهاباد گیانی لە دەست دابوو.