بەهرام مەجدیفەرد و شاهین وەساف، دوو زیندانیی سیاسیی کورد کە بەدەست چەندین نەخۆشییەوە دەناڵێنن، سەرباری ئەوەی دەبێ زۆر بەپەلە بگوێزرێنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان، بەڵام تا ئێستا بە هۆکاری نادیار لە خزمەتگوزاریی پزیشکی بێبەش کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «شاین وەساف، زیندانیی سیاسیی کورد کە سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێ دەپەڕێنێت، نزیکەی دوو حەفتە لەمەوپێش ڕەوانەی نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ کرا و دوای ئەنجامدانی سینۆگرافی پێی ڕاگەیەنرا کە دەبێ نەشتەرگەریی ئاپاندیسی بۆ بکرێت، بەڵام بەرپرسانی زیندان تا ئێستا ئامادە نەبوون کاتێک بۆ نەشتەرگەرییەکە دیاری بکەن».
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی کە بەهرام مەجدیفەردیش لە خزمەتگەزاریی پزیشکی بێبەش کراوە: «ئەم زیندانییە سیاسییەیش کە سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا تێ دەپەڕێنێت، بە دەست ئازاری ددان و بەردی گورچیلەوە دەناڵێنێت و سەرباری بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵەکەی لە زیندان و دادگای ورمێوە، بەرپرسانی زیندان ڕێگری لە گواستنەوەی بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان دەکەن».
شاهین وەساف، هاووڵاتیی خەڵکی سەڵماس، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١ (٢١ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی چەند مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ و قبووڵکردنی تۆمەتی «سیخوڕیکردن بۆ ئیسراییل» لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بوو و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.
دانیشتنی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە بەبێ پارێزراوی دیاریکراوی خۆی لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوە چوو و ڕۆژی ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٢ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣) لە زینداندا پێی ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەر چووە. دوای تانەلێدان لە بڕیارەکە، دۆسیەکەی ڕەوانەی دیوانی باڵای ئێران کرا و لە خاکەلێوەی ١٤٠٣دا (ئاپریلی ٢٠٢٤) سزاکە هەڵوەشایەوە و دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی هاوتەریبی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ. شاهین وەساف لە گەلاوێژی ١٤٠٤دا (جولایی ٢٠٢٥) لە لایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «شاهین»، بە هەمان ئەو تۆمەتە سزای ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا.
بەهرام مەجدیفەرد، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «ڕاژان»ی ورمێ، پووشپەڕی ١٤٠٣ (ژوەنی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و دوای نزیکەی دوو مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییەدا ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. لە ڕەشەمەی ١٤٠٣دا (مارسی ٢٠٢٤) لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «نەجەفزادە» بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە گرووپە دژبەرەکاندا» (حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران) و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای شەش ساڵ و هەشت مانگ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و سێ ساڵ و چوار مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.
ئەم زیندانییە سیاسیی دوای ١١ مانگ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا. دوای تانەدان لە بڕیارەکە، دۆسیەکەی ڕەوانەی بەردەم لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران کرا و لەو لقەی دیوانی باڵادا بەندکرانی هەڵپەسێردراو هەڵوەشایەوە و گۆڕدرا بۆ بەندکران لە زینداندا و دواجار بە گشتی سزازی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. بەهرام مەجدیفەرد ڕۆژی ١٥ی جۆزەردانی ١٤٠٤ (٥ی ژوەنی ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.