شەهابەدین حەقدار، چالاکوانی سیاسیی خەڵکی سەڵماس و دانیشتووی ورمێ کە پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە سزای دە ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپابوو، لە ڕەزبەری ئەمساڵەوە (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا دەستبەسەر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بابەتە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «ئەم چالاکوانە سیاسییە لە خەرمانانی ١٤٠٣دا (سێپتامبەری ٢٠٢٤) دوای چەند ساڵ ئەندامبوون لە حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنە کورددا و بە وەرگرتنی ئەماننامە، لە هەرێمی کوردستانەوە گەڕایەوە بۆ ورمێ. بەڵام سەرباری وەرگرتنی ئەماننامە و پاش چەند ڕۆژێک لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٧ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، شەهابەدین حەقدار پاش ماوەیەک لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە سزای دە ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. بڕیارەکە لە ڕەزبەری ئەمساڵدا (ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی پارێزگاکەوە وەک خۆی پەسەند کرایەوە و ڕۆژی ١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ (٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.

شەهابەدین حەقدار ئێستە لە بەندی ئەمنیی تایبەتی زیندانی ناوەندیی ورمێدا کە تایبەتە بە بەندکردنی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبی، ماوەی سزاکەی تێ دەپەڕێنێت.