سەرجەم زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکانی بەندی «ئێرشاد»ی زیندانی ناوەندیی ورمێ لە دووتوێی نامەیەکدا ڕوو لە بەرپرسانی زیندان، وێڕای ئاماژەدان بەو بارودۆخەی دوای شەڕ هاتووەتە ئاراوە داوایان کردووە دەسبەجێ ئازاد بکرێن. ئەم بەندکراوانە دوای ئەوەی نامەکەیان ڕادەستی نووسینگەی پاسەوانیی زیندان کردووە، لە بەردەم پاسەوانییەکەدا گرد بوونەتەوە و داوای بەدەمەوەچوونیان لە بەرپرسان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «٦٢ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی بەندکراو لە بەندی بەناو «ئێرشاد»دا نامەیەکیان ڕوو لە بەرپرسانی زیندان و دادوەری چاودێر واژۆ کردووە و وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لە بەرانبەر دۆخی ئەمنیی خۆیان لە ناو زیندانەکە و هەروەها هەلومەرجی بنەماڵەکانیان لە شارە جیاوازەکاندا، داوایان کردووە وەکوو زیندانییەکانی تاوانە گشتییەکان بتوانن بە دانانی بارمتە ئازاد بکرێن یان مۆڵەتی پشووی کاتییان پێ بدرێت».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوابەدوای بۆردومانکردنی هەندێ ناوەندی سەربازی و دەوڵەتی لە شارە جیاوازەکاندا، دادوەرانی چاودێر و بەرپرسانی ژمارەیەک لە زیندانەکان بنەماڵەی بەندکراوانیان بانگهێشت کردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە زیندانییەکان دەتوانن بە دانانی بارمتە یان مۆڵەتی پیشەیی بە شێوەی کاتی ئازاد بکرێن یان بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مۆڵەتی پشووی کاتییان پێ بدرێت.

هەر لەم ماوەیەدا سەدان بەندکراو لە زیندانە جیاوازەکاندا لەم دەرفەتە کەڵکیان وەرگرتووە و ئازاد کراون. سەرباری ئەمەیش، پەیمان خانزادەی سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ بە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی و مەزهەبیی ڕاگەیاندووە کە هەر بەندکراوێک بە تۆمەتی ئەندامبوون یان هاوکاریکردنی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردکان یان بە تۆمەتی سیخوڕی لە زینداندا بێت، ئەم ڕێسایە نایگرێتەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە زیندانەکانی سەڵماس، ورمێ، نەغەدە، شنۆ، مەهاباد، مەریوان و کامێرانەوە بە دەستمان گەیشتووە، سەدان بەندکراو بە شێوەیەکی بەپەلە و سەرەڕای داخستنی فەرمانگەی دادی ئەم شارانە، لە ئەنجومەنی پشتیوانیکردن لە بەندکراواندا و بە ئامادەبوونی دادوەری چاودێر بە دانانی بارمتە یان پێشکەشکردنی مۆڵەتی پیشەیی بە شێوەی مەرجدار ئازاد کراون یان مۆڵەتی پشووی کاتیی ١٥ ڕۆژەیان پێ دراوە. هاوکات بە هەموویان ڕاگەیەنراوە لە ئەگەری بەردوامبوونی شەڕەکەدا ماوەی پشووەکەیان درێژ دەکرێتەوە.